ناس کورد-
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیامێکی تۆڕەئامێزی ئاڕاستەی عێراق کرد و ڕایگەیاند، هاووڵاتییانی عێراق گوێ بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا نادەن، جەختیشیکردەوە، عێراق گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق ( 3ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: "هاووڵاتییانی عێراق گوێ بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی نادەن و بەهۆی زیارەتکارانی شیعە و هاتنی وەرزی زستانیش، ژمارەی تووشبووان بە پەتاکە زۆر زیاتر بووە لە جاران".
ئاماژەی بەوەشكردووە: " ئەو تەختانەی کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ توشبووانی کۆرۆنا تەرخانیکردوون، بەشی نیوەی توشبووان دەکات و زیاتربوونی توشبووانیش جێی نیگەرانییە و لە ئاستی تواناکانی عێراق زۆر بەرزتر دەبێتەوە".
نوێنەری تەندروستیی جیهانی لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە: "عێراق گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لە قۆناغی چوارەمیشدا، کۆرۆنا لە هەموو وڵاتەکە بڵاو دەبێتەوە".
ئەدهەم ئیسماعیل داواشی لەحکومەتی عێراق و دامودەزگاکانی کردووە ڕێکاری توندتر بۆ خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی، جێبەجێبکەن.
بەگوێرەی دوایین ئامارلە ئێستادا زیاتر لە 372 هەزارکەس لە عێراق توشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە نۆهەزار کەسیش بە فایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.