ناس کورد-
وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنیازە کۆتایی ئەمساڵ دابەشکردنى کارەبا بداتە کەرتى تایبەت و دوو مەرجى بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ماوەى شەش مانگە کار لەسەر هاوبەشى کەرتى تایبەت و حکومى دەکرێت بۆ دابەشکردنى کارەبا، ئامادەکارییەکان لەڕووى تەکنیکیەوە بەرەو تەواوبوون دەچن بۆ ئەوەى کۆتایی ئەمساڵ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".
رونیشیکردەوە، بەپێی پلانەکە زۆربەى پرۆسەى دابەشکردنى کارەبا و چاکسازیی لەو کەرتە و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا دەدرێتە دەست کەرتى تایبەت، پڕۆسەکانى تریش بەدەست حکومەتەوە دەمێننەوە.
ئومێد ئەحمەد باسى لەوەکرد، لەئێستادا لەگەڵ کۆمپانیاکان لە گفتوگۆدان لەو بارەیەوە، مەرجى وەزارەتى کارەبا ئەوەیە زۆرترین سودى هاوبەشانى کارەباى تێدابێت، خەرجى ئەو پرۆسەیەش لەسەر حکومەت کەمبکاتەوە.
ئەوەشى خستەڕوو، پڕۆسەى پێدانى دابەشکردنى کارەبا بە کۆمپانیاکان بەشێوەى کێبڕکێی ئاشکرا دەبێت و دەدرێتە چەند کۆمپانیایەک.
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، هەرێمى کوردستان لەرووى تەکنیکییەوە بەسەر پێنج زۆندا دابەشکراوە و چاویان لەوەیە ئەو پڕۆسەیە خەرجییەکانى کارەبا لەسەر حکومەت کەمبکاتەوە کە ئێستا خەرجییەکى زۆرى هەیە.
لەبارەى نرخى کارەباوە، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا جەختیکردەوە، بۆ هاوبەشانى کارەبا هیچ شتێک ناگۆڕێت بەتایبەتى نرخ، کە ئێستا بۆ هەر وەحدەیەک لە 15 دینارەوە دەستپێدەکات.