گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەرقولئەوسەت: هێرشەكەی هەولێر خراپ شكایەوە بەسەر گروپە چەكدارەكان

2020.10.03 - 09:54
App store icon Play store icon Play store icon
شەرقولئەوسەت: هێرشەكەی هەولێر خراپ شكایەوە بەسەر گروپە چەكدارەكان

ناس کورد-

 

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردەوە كە هێرشە موشەكییەكەی ئەمدواییەی هەولێر بۆیەكەمجار بووە هۆی كردنەوەی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی ئەمەش هیچ لە بەرژەوەندیی گروپەكان نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

راپۆرتێكی رۆژنامەكە كە ئەمڕۆ (3 تشرینی دووەمی 2020) بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات، لە هێرشەكانی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكادا لە بەغدا پەنا نەبراوە بۆ لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بەڵام لەگەڵ هێرشەكەی هەولێردا وادیارە هەڕەشەكانی پۆمپیۆ كە بەسەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیراندا گەیاندبووی بە لایەنە چەكدارەكان خەریكە دەچنە بواری جێبەجێكردن و لێكۆڵینەوەی هەمەلایەن دەستی پێكردووە لە ئەنجامدەری هێرشەكان. 

 

رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، هێرشەكە بەتەواوەتی هەولێر و بەغدای لەیەكتر نزیك كردووەتەوە هەر لەم میانەیەشدا پارێزگاری نەینەوا نەجم جبوری لیوای 30 حەشدی شەعبی تۆمەتباركردووە بە لێپرسراوێتی لە كۆنتڕۆڵكردنی شوێنی هێرشەكان و ستایشی هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ پارێزگاری نەینەوا و دەڵێت "ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریی دەكات هێرشەكان لەلایەن كێوە و چۆن چۆن بوون".

 

بەگوێرەى راگەیەنراوە ئەمنییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ئەو  ناوچەیەی موشەكەكانی لێوە ئاراستەكرا بۆ هەولێر سنوری چالاكی لیوای 30ى حەشدی شەعبییە كە بەر لەچەند رۆژێك فەرماندەكەی كە وەعد قەدۆیە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.  

  

بەگوێرەى بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لیوای 30ى حەشدی شەعبی زۆرینەی شیعەی شەبەكن و تۆمەتبارن بەدەستێوەردان لەچالاكی و جموجوڵی بازرگانی و ئابووری لە سنووری دەشتی نەینەوا لە رێگەی دانانی خاڵی گومرگیی قاچاغ و  وەرگرتنی "سەرانە" لە بارهەڵگرەكان، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.  

 

وەعد قەدۆ برای پەرلەمانتاری شەبەكی حەنین قەدۆیە كە دوو خولە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بە نەیارێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا، ناسراوە.  

 

وەعد قەدۆ پێشتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو ناوچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت موشەکەکانی لێ ئاڕاستەکراوە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.    

  

ئەوەشی خستبووەڕوو،  ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە و "لایەنێکی دیاریکراو ناوی لیوای 30 دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا و حکومەتی بەغدا بگەیەنێت".    

 

لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا فەرمانێك دەرچوو بۆ هەڵگرتنی زاڵگە و خاڵەكانی پشكنینی ئەو لیوایە، بەڵام لەمانگی ئابی ساڵی رابردوو چەكدارەكانی لیواكە جادەی موسڵیان بڕی و ئاگریان لەسەر رێگاكان كردەوە و ساتری خۆڵیان دروست كرد وەك ناڕەزاییەك لەبڕیارەكە بەدیارچاوی سوپای عێراقەوە كە پێی نەكرا هیچ رێگرییەكیان لێ بكات بەقسەی ئاژانسی رۆیتەرز.