ناس کورد-
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دۆخى تەندروستى خۆى و میلانیاى هاوسەرى زۆرباشە و هەموو شتەکان وەکو خۆیان دەچنە پێشەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ترەمپ درەنگانى شەوى ڕابردوو بە دەمامکەوە دەرکەوت، کاتێک لە باخچەکەى کۆشکى سپییەوە چووە ناو ئەو کۆپتەرەوە کە بۆى ئامادەکرابوو تا بیگوازێتەوە نەخۆشخانە.
ترەمپ دەستى بۆ ڕۆژنامەنوسان بەرزکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى هەموو شتێک وەکو خۆیەتى، بەڵام پێش ئەوەى بچێتە ناو کۆپتەرەکە هیچ شتێکى نەوت.
لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە لەسەر هەژمارەکەى لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە، ترەمپ دەڵێت "سوپاسى هەموان دەکەم بۆ ئەم پشتیوانییە گەورەیە، دەچم بۆ نەخۆشخانەى والتر رید، پێموایە لە دۆخێکى زۆرباشدام".
وتیشى "دەمەوێت جەختبکەمەوە کە هەموو شتەکان وەکو خۆیانن، دۆخى خانمى یەکەم زۆر باشە".
لەکاتى گەیشتنى بۆ نەخۆشخانە سەربازییەکە، ترەمپ نەچووە ژورى فریاگوزارییەوە بۆ وەرگرتنى چارەسەر، بەڵکو ڕاستەوخۆ چووە بەشى سەرۆکایەتى نەخۆشخانەکە.
وتەبێژى کۆشکى سپى دەڵێت "ترەمپ تا ئێستا ورەى زۆرباشە، چەند نیشانەیەکى سوکى هەیە، بەدرێژایی ڕۆژ کاریکردووە".
نەخۆشخانەکە کە لەدەوروبەرى واشنتنى پایتەختە، بەیەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەى سەربازى دادەنرێت کە زۆرترین ناوبانگى هەیە لە ئەمریکا. لەو شوێنە ساڵانە پشکنین بۆ سەرۆکەکانى ئەمریکا دەکرێت.
ئەلیسا فەرەح بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى کۆشکى سپى دەڵێت "سەرۆک دەسەڵاتەکانى ناگوازێتەوە بۆ مایک پێنسى جێگرى و لەدۆخى بەرپرسیارێتى خۆیدایە".
بەپێی دەستورى ئەمریکا، ئەگەر سەرۆک نەخۆشکەوت و نەیتوانى ئەرکەکانى ڕاپەڕێنێت، دەکرێت دەسەڵاتەکانى بەشێوەیەکى کاتى بۆ جێگرەکەى بگوازێتەوە.