گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یۆنامی لەبارەی دیداری بلاسخارت و ئەبو فدک ڕوونکردنەوە دەدات

2020.10.02 - 23:39
App store icon Play store icon Play store icon
یۆنامی لەبارەی دیداری بلاسخارت و ئەبو فدک ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

 

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) رونكردنەوەیەکى بڵاوکردەوە، لەبارەى دیدارى جنین بلاسخارتی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە گەڵ فەرماندەی هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی حەشدی نزیك لە ئێران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یۆنامى لە رونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە "بێلایەنی و سەربەخۆیی كرۆكی كاری نەتەوە یەكگرتوەكانە بەواتای ئەوەی ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێكی بەرفراوانی لایەنی پەیوەندیدار دەكەین لە هەوڵماندا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، كاركردنیشمان لە عێراق بەدەر نییە لەمە. گفتوگۆ تاكە چارەسەرە، ترس و تۆقاندن و توندوتیژی رێگەیەك نین بۆ بەرەوپێشچون".

 

بەپێی بەیاننامەی حەشدی شەعبی، دیدارەكە لە بارەگای حەشد بەڕێوەچووە، تایبەت بووە بەدۆخی ئەمنی و مەترسییەكانی داعش، تێیدا محەمەداوی (الخال) جەختی لە پابەندیی حەشد كردووەتەوە بە دەوڵەتی عێراق و رێزگرتنی سەروەری و بڕیارەكانی.   

 

ئەم دیدارەی بلاسخارت ڕۆژێك پاش دیداری نوری مالیكی سەرۆكی حیزبی دەعوە و لیستی دەوڵەتی یاسا هات كە نەیاری حكومەتی كازمییە و خۆی بەنزیك لە گروپە ئێرانییەكان وێنا دەكات.   

 

بەپێی ماڵپەڕی رۆژنامەی (العربي الجدید)، دیداری جنین بلاسخارت و عەبدولعەزیز محەمەداوی (أبو فدك) سەرۆك ئەركانی حەشد كە لەهەمان كاتدا سەركردەیەكی دیاری كەتیبەكانی حیزبوڵڵای سەر بە ئێرانە بووەتە جێگای مشتومڕو پرسیار بەتایبەت هەندێ فەرماندەی گروپە ئێرانییەكانیتری حەشد بەشدارییان كردووە لە كۆبوونەوە ڕاگەیەنراوەكە.   

 

سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق ئەوەی بۆ ماڵپەڕەكەى ئاشكرا كردووە، بلاسخارت دەستی كردووە بەنێوانگری لەنێوان حكومەتی كازمی و گروپە چەكدارەكانی پەیوەست بەئێران، لەدیدارەكەی ئەمڕۆشدا نوێنەرانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نوجەبا و "الطفوف" بەشداربوون و بڕیاریشە دواتر بلاسخارت چاوی بەنوێنەرانی ئەمەریكا لەعێراق و بەرپرسانی حكومەتی عێراق بكەوێت.  

  

ئەم دیدارە بێ پێشینەیەی نێردراوە نێودەوڵەتییەكەی بەغدا لەگەڵ گروپەكانی حەشدی نزیك لە تاران لە كاتێكدایە بەهۆی هێرشی موشەكی لە بەغداو هەولێر و هەڕەشەی ئەمەریكییەكان بۆ كشاندنەوەی باڵیۆزخانەكەیان بارودۆخێكی گرژی ئەمنی و سیاسی باڵی كێشاوە بەسەر وڵاتدا.