گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: میراتی سیاسی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌

2020.10.02 - 22:58
بەرهەم ساڵح: میراتی سیاسی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌

ناس کورد-

 

بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق ڕایگەیاند،  میراتی سیاسی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌، ئێستا  له‌ هه‌موو کات زیاتر پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵی مام به‌گیانی هاریکاری و راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکرێت.

 

بەرهەم ساڵح لە پەیامێکدا بەبۆنەى تێپەربوونى سێ ساڵ بەسەر کۆچى دوایی مام جەلالدا ڕایگەیاندووە "سێ ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دوای سه‌رکرده‌و رابه‌ری مه‌زن مام  جه‌لال تێئه‌په‌ڕێت. که‌چی بارته‌قای سی ساڵ بیری حیکمه‌ت و سایه‌و سێبه‌ری ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ ئه‌که‌م، هه‌ر چه‌ند زه‌مه‌ن به‌سه‌ر کۆچی یه‌کجاره‌کی مام جه‌لال تێپه‌ڕ ئه‌بێ، بەڵام عیراق و کوردستان زیاتر پێویستیان به‌ حیکمه‌تی سیاسی و سنگفراوانی و ژیریی ئه‌و سه‌رکرده‌ ده‌گمه‌نه‌ هه‌یه".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە "بۆیه‌ دلسۆزی و ئه‌مه‌ک نواندن بۆ گیان و رێبازی مام، پێش هه‌موو شتێک  به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و کلتوره‌ سیاسیه‌یه‌ که‌ مام جه‌لال کۆی ته‌مه‌نی خۆی بۆ ته‌رخان کرد، پارێزگاریه‌ له‌و خوێندنگا مه‌زنه‌ی به‌ خه‌باتی پشوودرێژانه‌ی خۆی به‌رهه‌می هێناو و توانی به‌ هاوکاری سه‌دان و هه‌زاران تێکۆشه‌ر به ئه‌زموونی حوکمڕانی خۆبه‌خۆی کوردستان و رزگارکردنی عیراقی بگه‌یه‌نێت له‌ دیکتاتۆریه‌ت".

 

بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە "ئێستا له‌ناو جه‌رگه‌ی قه‌یرانه‌کانی عیراق و کوردستاندا له‌ هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵی مام به‌گیانی هاریکاری و راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی  ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌کان به‌ به‌رپرسیارێتیه‌کی هاوبه‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ین و خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵاته‌که‌مان بکه‌ین".

 

دەشڵێت"له‌م یاده‌دا ئه‌مه‌وێ دوپاتی بکه‌مه‌وه‌ که‌ میراتی سیاسی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قالبی حزبی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌، ‌چونکه‌ به‌شێکی هه‌ره‌ گرنگی مێژووی سیاسی وڵاته‌که‌مان پێکئه‌هێنێت، خۆیشی سیمبولێکی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی خه‌بات و تێکۆشانه‌ به‌مانا هه‌ره‌ فراوانه‌که‌ی".