گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فرانس پرێس: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی یاریی قەندیلی گۆڕیوە.. پەکەکەش دەیانخاتە خوارەوە

2020.10.02 - 12:18
فرانس پرێس: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی یاریی قەندیلی گۆڕیوە.. پەکەکەش دەیانخاتە خوارەوە

ناس کورد-

ئاژانسى فرانس پڕێس بڵاويكردوەتەوە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانى توركيا و ئێران ياساكانى ياريیەكەيان دژى گروپە چەكداريە كوردیيەكان گۆڕيوە و ئەوەش مەترسى لەسەر سەلامەتى هاوڵاتيانى مەدەنى دروستكردوە و گرژییە جيۆسياسيەكانى زياد كردوە.

 

محەمەد حسێن، سەرۆكى شارەوانى ناوچەى قەنديل بە ئاژانسەكەى وتووە، هيچ ڕۆژێك تێناپەڕێت بەبێ ئەوەى فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانى توركيا نەبينين، لە نزميەكى زۆر كەمەوە دەفڕن و سەرجەم دانيشتوانى قەنديل دەتوانن بيانبينن.

 

دانيشتوانى ئەو ناوچانەى كە بەهۆى هێرشەكانەوە زيانيان پێگەيشتوە بە فرانس پرێسيان وتوە، بەكارهێنانى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان زۆر زياديكردوە بەتايبەتى لە مانگى حوزەيرانەوە كە توركيا هێرشە نوێكانى دەستپێكردوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: فڕۆکەیەکی تورکی بە بەردەوامی بە ئاسمانی قەندیلدا دەسوڕێتەوە

 

بەهۆى بۆردومانەكانەوە سەدان گوند و ناوچە و زەوى كشتوكاڵى لەلایەن هاوڵاتيانەوە چۆڵكراون، لاى خۆيەوە مەحما خەليل، سەرۆكى شارەوانى شنگال بە ئاژانسەكەى وتووە، بۆردومانەكانى توركيا ترسێكى زۆرى لاى دانيشتوان دروستكردوە و بەهۆى ئەوەشەوە ئێزديەكان ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆيان.

 

نيكۆلاس هيراس لە پەيمانگاى لێكۆڵينەوە جەنگيەكان وتويەتى، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ڕێگەى بە ئەنقەرە داوە دواى ئامانجەكانى بكەوێت و بيانپێكێن لەماوەى چەند خولەكێكدا، بە بەكارهێنانى ئەو فڕۆكانە توركيا ياساكانى ياريەكەى گۆڕيوە لەشەڕى دژى پەكەكە.

 

هاوکات زاگۆرۆس هيوا، وتەبێژى پەكەكە هێماى بۆ ئەوەكردوە، توركيا بە درێژايى 15 كيلۆمەتر ناوچەيەكى جياكەرەوەى لە باكورى عێراق دروستكردوە بەهۆى فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانيەوە، "هێزەكانمان حەوت فڕۆكەى بێفڕۆكەوانيان خستوەتە خوارەوە لەئەمساڵدا."

 

سەرچاوەيەكيش بۆ ئاژانسەکە ئاشكرايكردوە، ئەمريكا نيگەرانە لە زيادبوونى هێرشى فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، "توركەكان بەسەر پێگەكانى سوپاى ئەمريكا لە عێراق دەسوڕێنەوە و ئەوەش مايەى قبوڵكردن نييە، بێمتمانەييەك و بێزاربونێك بەشێوەيەكى گشتى لەو بارەيەوە دروستبووە."