گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران لە ڕێگای هێرشەكەی هەولێرەوە ’’پەیامێكی گەیاند’’

2020.10.02 - 11:53
App store icon Play store icon Play store icon
ئێران لە ڕێگای هێرشەكەی هەولێرەوە ’’پەیامێكی گەیاند’’

ناس کورد-

ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی نێودەوڵتی بڵاویكردەوە، هێرشە موشەكییەی هەولێر پەیامێكی ئێرانیی هەڵگرتووە كە "سەراپای خاكی عێراق دەست نادات بۆ میوانداری سەرباز و دیبلۆماتكاری ئەمەریكی".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ هەینی، 2ی تشرینی یەكەمی 2020، ڕۆژنامەكە كە لە شاری لەندەن دەردەچێت لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویکردووەتەوە، بەڕای چاودێران، ئێران دەیەوێت لەڕێگەى میلیشیا نایاساییەکانەوە ئەوە بگەیەنێت کە تەواوی خاکی عێراق بە کەڵکی میوانداریکردنی دیبلۆماس و سەربازانی ئەمریکا نایەت، "تەنانەت شاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە و نیمچە سەربەخۆیە و تا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بەرقەرارە."

 

قسەوباسێک زۆر کرا لەسەر پرنی ئەمریکییەکان بۆ گواستنەوەى باڵیۆزخانەکەیان لە بەغداوە بۆ هەولیر دوای زیادبوونی بەردەوامی هێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆسەریان، ئەوەش جگە لە هۆشداری "کردەی گەورەی ئێرانی" لە سەروبەندی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمریکادا.

چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەکەیان وتووە کە "باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی چەندین کارمەندی لە بەغداوە ناردووەتە هەولێر و چاوەڕیی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی بەغدای پایتەخت دەکەن بۆ گەڕانەوەیان."

 

هۆشيار زێبارى، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزيرى پێشووترى دارایی عێراق دەڵێت، ڕووداوی موشەكەكانى هەولێر نامەيەكى بۆ ئەمريكا بە پلەى يەكەم و بۆ مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بە تايبەتى ناردووە، هەوڵێكیشە بۆ يەكلاكردنەوەى حساباتەكانى ئەمريكا-ئێران لەسەر خاكى عێراق، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى ئەمريكا كە بڕيارە ڕۆژى 3ى تشرينى يەكەمى داهاتوو ئەنجام بدرێت.  

  

هۆشيار زێبارى لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەى "الشرق الاوسط" ئاماژەى بەوەداوە، وەعد قەدۆ، سەركردە لە حەشدى شەعبى لە پشت هێرشەكە موشەكيیەكەى هەولێرە، وەک هۆشیار دەڵێت، وەعد لەلايەن هادی عامریيەوە پشتگيرى دەكرێت.  

  

دەشڵێت، ئەو بابەتانە لاى ئێمە ئاشكرايە و قەدۆ لە ليستى تيرۆردايە، چونكە چەندين تاوانى لە ناوچەكانى ژێر دەستى ليواى 30 ئەنجام دراون كە ئەو سەرپەرشتى دەكات.  

  

 

هاوکات وەعد قەدۆ، فەرماندەی پێشوی لیوای 30ی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو ناوچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت موشەکەکانی لێ ئاڕاستەکراوە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.  

  

ئەوەشی خستەڕو کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە و "لایەنێکی دیاریکراو ناوی لیوای 30 دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا و حکومەتی بەغدا بگەیەنێت".  

  

شەوی 30ی ئەیلولی 2020، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکانی شارى هەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا لیوایەکى حەشدى شەعبى بە ئاراستەکردنى ئەو موشەکانە تۆمەتیار دەکات کە بە ئاراستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر هاوێژران.    

  

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "کاتژمێر  8:30 ی ئەم ئێوارەیە (30ی ئەیلولی 2020)، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە".    

  

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "موشەکەکان لە سنووری ( برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون".    

  

جەختیش کراوەتەوە "ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.  تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکولینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر".