گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پەیامێکە بۆ کازمی’’

چەند لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە هێرشەكەی هەولێر.. هۆشیار زێباری ناوی كەسێك دەهێنێت

2020.10.02 - 10:39
چەند لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە هێرشەكەی هەولێر.. هۆشیار زێباری ناوی كەسێك دەهێنێت

ناس كورد-

هۆشيار زێبارى، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزيرى پێشووترى دارایی عێراق دەڵێت، ڕووداوی موشەكەكانى هەولێر نامەيەكى بۆ ئەمريكا بە پلەى يەكەم و بۆ مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بە تايبەتى ناردووە، هەوڵێكیشە بۆ يەكلاكردنەوەى حساباتەكانى ئەمريكا-ئێران لەسەر خاكى عێراق، ئەوەش پێش هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى ئەمريكا كە بڕيارە ڕۆژى 3ى تشرينى يەكەمى داهاتوو ئەنجام بدرێت.

 

هۆشيار زێبارى لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەى "الشرق الاوسط" ئاماژەى بەوەداوە، وەعد قەدۆ، سەركردە لە حەشدى شەعبى لە پشت هێرشەكە موشەكيیەكەى هەولێرە، وەک هۆشیار دەڵێت، وەعد لەلايەن هادی عامریيەوە پشتگيرى دەكرێت.

 

دەشڵێت، ئەو بابەتانە لاى ئێمە ئاشكرايە و قەدۆ لە ليستى تيرۆردايە، چونكە چەندين تاوانى لە ناوچەكانى ژێر دەستى ليواى 30 ئەنجام دراون كە ئەو سەرپەرشتى دەكات.

زێبارى هێماى بۆ ئەوەشكردوە، ئەوەى ڕويدا هەڕەشەيەكى مەترسيدارە لەسەر ئاسايشى هەرێمى كوردستان و عێراق، سەركردايەتى هەرێمى كوردستان "لەو جۆرە سەركێشيە بێهيواييانە بێدەنگ نابێت كە خاوەنەكەى وەهمى ئەوە گرتويەتى كە گوايە كاريگەرى لەسەر دەرفەتى بردنەوەى هەڵبژاردن لەلايەن دۆناڵد ترامپەوە دادەنێن".

 

جەختیشی کردووەتەوە کە "هەڵدانى موشەكەكان كە ئامانجەكەى خۆى نەپێكا لە ماوەى چەند ڕۆژى داهاتودا گرژى گەورەى بەدوادا دێت، بۆيە ئەوە نامەيەكە بۆ ئەمريكيەكان كە دەڵێت "شوێنتان نييە لە عێراقدا"، زياتر لەوەى كە نامەيەك بۆ بێت بۆ هەرێم، ئەوەش سزاى بەدوادا دێت بۆ سەر ئەو لايەنانەى تێوەگلاون و لەپشت ئەو سەركێشيەوەن كە ئەنجامدەرەكەى وەهمى ئەوەى هەيە كە لە ڕێگەيەوە ئامانجەكانيان دەهێننە دى."

 

ئەو وەزيرەى پێشوترى عێراق دەشڵێت، "ئەوانەى يارى بەئاگر دەكەن پشت بە ستراتيژى بەرەوهەڵدێر دەبەستن كە بريتييە لەوەى بارودۆخەكە بگەيەننە ئەوپەڕى، بەڵام ئەوە تەنها ياريكردنە بە ئاگر، بارودۆخى هەرێمى كوردستان لەژێر كۆنترۆڵدايە بە تەواوەتى و يەكڕيزيەكى نەتەوەيى بێپێشينە هەيە لەگەڵ سەركردەكانى هەرێم دژى ئەو جۆرە كارانە كە بە دڵنياييەوە وەڵامى خاوەنەكەى دەدرێتەوە."

 

هاوکات وەعد قەدۆ، فەرماندەی پێشوی لیوای 30ی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو ناوچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت موشەکەکانی لێ ئاڕاستەکراوە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.

 

ئەوەشی خستەڕو کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە و "لایەنێکی دیاریکراو ناوی لیوای 30 دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا و حکومەتی بەغدا بگەیەنێت".

 

باسی لەوەشکردوە، ئەو لایەنە دیاریکراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی نەینەوای لەدەستداوە و "دەیەوێت ئاسایشی ناوچەکە ناجێگیر بکات و بۆ ئەوەش لیوای ٣٠ حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکات".

 

شەوی 30ی ئەیلولی 2020، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکانی شارى هەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا لیوایەکى حەشدى شەعبى بە ئاراستەکردنى ئەو موشەکانە تۆمەتیار دەکات کە بە ئاراستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر هاوێژران.  

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "کاتژمێر  8:30 ی ئەم ئێوارەیە (30ی ئەیلولی 2020)، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە".  

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "موشەکەکان لە سنووری ( برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون".  

 

جەختیش کراوەتەوە "ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.  تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکولینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر".