ناس کورد-
لەدوای ڕاگەیاندنی توشبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و میلانیای هاوسەری بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو دووانە پێویستە بۆ ماوەى 15 ڕۆژ لە کەرەنتینەدا بمێننەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ترەمپ مرد کێ جێگەی دەگرێتەوە و کارەکانی ڕایی دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "ئەمشەو، پشکنینی میلانیا و من بۆ کۆڤید-19 پۆزەتیڤ بوو، دەستبەجێ دەستدەکەین بە کەرەنتینە و پرۆسەی چاکبوونەوەمان. ئێمە پێکەوە تێی دەپەڕێنین."
Tonight, @FLOTUS and I tested positive for COVID-19. We will begin our quarantine and recovery process immediately. We will get through this TOGETHER!
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) October 2, 2020
پزیشکەکەى ترەمپ لە ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێسی ڕاگەیاند، ترەمپ لە کارەکانی خۆی بەردەوام بەبێ بچڕان بەردەوام دەبێت بەڵام لە کەرەنتینەدا دەمێنێتەوە.
لەئێستادا پێویستە ترەمپ و میلانیا بۆ ماوەى 15 ڕۆژ لە کەرەنتینەدا بمێننەوە و سەرجەم سەردان و گەشت و میتینگەکانیان ڕاوەستاوە، بەڵام ئەى ئەگەر ترەمپ بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مرد کێ دەبێت جێگەى بگرێتەوە و کارەکانی بکات.
بەپێی بڕگەی جێنشینی سەرۆک لە دەستوری ئەمریکا، "لە حاڵەتی مردن، دەستلەکارکێشانەوە، لەسەرکارلابردن یاخود بە هەر هۆکارێک نەیتوانی پۆستەکەى بەڕێوەببات، ئەوە جێگری سەرۆک سەرجەم هێز و دەسەڵاتەکانی دەبێت و وڵات بەڕێوە دەبات."
خۆ ئەگەر هاتوو سەرۆک بە هەر هۆکارێک جێگری نەبوو یاخود پۆستەکەى چۆڵ بوو، ئەوە دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی دەچێت بۆ سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەریش ئەو بە هەر هۆکارێک نەیتوانی یاخود سەرۆکى نەبوو، ئەوە دەسەڵات و هێزی سەرۆکى ڕادەستی سەرۆکى کاتیی ئەنجومەنی پیران دەکرێت."
لەدوای ئەوان، ئەگەر هاتوو بە هەر هۆکارێک نەیانتوانی دەسەڵاتەکان وەربگرن یاخود پۆستەکانیان چۆڵ بوو، ئەوەش وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سەرجەم هێز و دەسەڵاتەکان وەردەگرێت.
بەو شێوەیە، لە ئەگەری مردن، دەستلەکارکێشانەوە یان لەسەرکارلابردنی ترەمپ، مایک پێنسی جێگری جگەى دەگرێتەوە، دوای ئەو نانسی پیلۆسی، سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەران.
لەئێستا چەک گراسلی، سەرۆکى کاتیی ئەنجومەنی پیرانە و هەروەها مایک پۆمپیۆش وەزیری دەرەوەیە.