ناس کورد-
لێكۆڵينەوەيەكى نوێ دەريدەخات، ئەوانەى تەمەنيان لەخوار 50 ساڵەوەيە ئەگەرى هەيە جەڵتەى مێشك يەكەم نيشانەى توشبوونیان بێت بە ڤايرۆسى كۆرۆنا، تەنانەت پێش ئەوەى هيچ نيشانەيەكى دیکەیان لێ دەركەوێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى لێكۆڵينەوەيەك كە تێيدا داتاى 10 لێكۆڵينەوەى تر وەرگيراوە كە لەسەر 160 نەخۆش كراوە و توشبووى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون و تووشى جەڵتەى مێشك بوون، زانايان ئەوەيان ئاشكرا كردوە كە نزيكەى نيوەى ئەو نەخۆشانەى تەمەنيان لەخوار 50 ساڵەوە بووە يەكەم نيشانەى توشبونيان بە كۆرۆنا جەڵتەى مێشك بووە.
دكتۆر "لوسيانيۆ سبوساتۆ" نوسەرى سەرەكى لێكۆڵينەوەكە و مامۆستاى بەشدار و سەرۆكى لێكۆڵينەوەكان لە جەڵتەى مێشك لە زانكۆى ويسترن لە ئۆنتاريۆى كەنەدا باسى لەوەكردووە: "يەكێك لەو ئەنجامانەى كە چاوەكانمانى كردەوە لەم لێكۆڵينەوەيە ئەوەيە كە ئەو نەخۆشخانەى تەمەنيان لە خوار 50 ساڵەوەيە ژمارەيەكيان هيچ نيشانەيەكى توشبونيان نەبووە پێش ئەوەى تووشى جەڵتەى مێشك ببن."
ڕونيشيكردوەتەوە، ئەوەش واتاى ئەوەيە ئەو كەسانە يەكەم نيشانەى توشبوونيان بە ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ جەڵتەى مێشك بووە.
لەسەرەتاى دەركەوتنى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19 زانايان هێمايان بۆ ئەوەكرد كە نەخۆشيیەكى دەزگاى هەناسەدانە، بەڵام وردە وردە نيشانەى تر دەركەوتن، وەك جەڵتەى خوێن و گيرانى سيیەكان و جەڵتەى مێشك و چەندين نيشانەى تر.
سبوساتۆ هێماى بۆ ئەوەشكردووە، لە سەرەتاى مانگى سێى ئەمساڵ ئەوەیان بۆ دەركەوت كە پەتاكە دەبێتە هۆى مەيينى خوێن "جەڵتە" و ئەوەش وايلێكردن كە ئەو لێكۆڵينەوەيە ئەنجام بدەن.