گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچە و هاتنی 320 ملیارەکەی بەغدا

2020.10.01 - 22:11
نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچە و هاتنی 320 ملیارەکەی بەغدا

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان حکومەتی عێراق پارەی بۆ دابەشکردنی موچە هەیە، بەڵام نازانن بۆچی دابەشی ناکەن، دەشڵێت تاوەکو ئێستا بەتەواوی دیارنییە هەفتەی داهاتوو دەستبەدابەشکردنی موچە دەکرێت یاخود نا.

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی داتاکانی سۆمۆ عێراق بەبڕی 11 ترلیۆن و 800 ملیار دینار نەوتی فرۆشتووە، ئەگەر داهاتی ناوخۆش 200 ملیاریش بوبێت، ئەوە 12 ترلیۆن، 15 ترلیۆنیش وەرگرتووە بە قەرز ئەوە 27 ترلیۆن، بەڵام موچەی سێ مانگی دابەشکردووە، واتە شەش ترلیۆنی لەبەردەستدا ماوە."

 

وتیشی: "لەئێستادا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لیژنەکەمان لە گفتوگۆداین تا بزانین بۆچی بەمشێوەیە موچە دواخراوە و دابەش ناکرێت."

 

سەبارەت بە دابەشکردنی موچەش لە هەفتەی داهاتوودا، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوەی دەوترێت و بڵاودەکرێتەوە، تەنها ئەگەر و هیچیان فەرمی نین."

 

دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بووەتەهۆی نەناردنی 320 ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، بەوپێیەی حکومەتی ناوەندی تاوەکو دەست بەدابەشکردنی موچە نەکات، پارەکەی هەرێمیش نانێرێت هەربۆیە حکومەتی هەرێمیش بە پاساوی نەناردنی ئەو پارەیە تاوەکو ئێستا دەستی بەدابەشکردنی موچە نەکردووە کە 45 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە.