گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چیرۆکی تاقانە ڕزگاربووەکەی ئەنفال لە ئەمریکا دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی

2020.10.01 - 20:34
چیرۆکی تاقانە ڕزگاربووەکەی ئەنفال لە ئەمریکا دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی

ناس کورد-

چیرۆکی تەیموری تاقانە ڕزگاربووەکەی کۆمەڵکوژی ئەنفال، لەنێو چەندین چیرۆکدا بەیەکەمین پەسەندکرا بۆ ئەوەی بکرێتە فیلمێکی سینەمایی و بەوتەی خۆیشی، فیلمەکە لە ئەمریکا بەرهەمدەهێنرێت و خۆی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، دەشڵێت، ئومێدی هەیە فیلمەکە ئەنفال بە جیهان بناسێنێت.

 

 

ئالان هەمووان، دەرهێنەری کورد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە: "بۆ یەکەم جار چیرۆکێکی ئەنفال پەسەند بکرێت بۆ فیلمێکی سینەمایی درێژ لەلایەن گەورە کۆمانیایەکی بەناوبانگی فیلمسازیەوە کە ئەویش چیرۆکی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاکە منداڵی ڕزگاربوی کۆمەڵکوژی ئەنفال)ە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرواری 28ی ئەیلولی 2020، لەپێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا کە سەدان چیرۆکی نەتەوەکان تیایدا پێشکەش کرا و لەلایەن کۆمەڵێک پرۆدیسەر وسکریپت رایتەری بەئەزمون، چیرۆکی تەیمور بەیەکەم چیرۆک هەڵبژێردرا بۆ فیلمێکی سینەمایی درێژ لەلایەن کۆمپانیای بەناوبانگ  Raindance."

 

لەوبارەیەوە تەیموری ئەنفال، تاکە منداڵی ڕزگاربووی ئەنفال بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "خۆم ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕم و کارەکتەری سەرەکی دەبم، لە بەرهەمهێنانیشیدا سەرپەرەشتی دەکەم، چونکە جگە لەوەی چیرۆکەکە لەسەر ژیانی منە، من شایەدحاڵی ڕووداوەکانیشم."

 

وتیشی: "شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە ئەمریکا دەبێت و هاوشێوەی فیلمەکانی هۆڵیوود بەرهەمدەهێنرێت، هەربۆیەش کارەکەم قبوڵکردووە، چونکە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش و کاریگەر فیلمەکە بەرهەمدەهێنرێت و حەق بە چیرۆکەکە دەدرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بوایە قبوڵم نەدەکرد."

 

دەربارەی سیناریۆی فیلمەکە، تەیموری ئەنفال ئاماژەی بەوەكرد، دەکرێت بەچەند شێوەیەک بچنە ناو فیلمەکەوە، بۆ نمونە، وەک فیلمی تایتانیک کە (ڕۆز) چیرۆکەکە بۆ منداڵ و نەوەکانی دەگێڕێتەوە و لەوێوە دەچێتە ناو چیرۆکەکەوە، یاخود لەسەرەتاوە منداڵێک لەجێی من ڕۆڵ دەگێڕێت و لە گەورە بووندا من دەچمە ناو فیلمەکەوە."

 

جەختیشیکردەوە: "بەگشتی من وەک تەیمور کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبم و لە چیرۆکی ژیانی منەوە باس لە ڕووداوەکانی ئەنفال بەگشتی دەکرێت."

 

دەربارەی کاتی بەرهەمهێنانی فیلەمەکە، تاقانە ڕزگاربووەکەی ئەنفال باسی لەوەکرد: "تائێستا کاتێک دیارینەکراوە بۆ دەستکردن بە کارەکان، ئەوەش زیاتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دۆخی تەندروستییەوە، بۆیە نازانم کەی دەست بەکارەکان دەکەین."

 

تەیمور بە ئومێدێکی زۆرەوە باسی لە فیلمەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد: "ئومێدم هەیە لەڕێگەی ئەو فیلمەوە چیرۆکی تاوانەکانی ئەنفال بە هەموو دنیادا بڵاوببێتەوە و ببێتە چیرۆکێکی نێودەوڵەتی."

 

هەر لەوبارەیەوە ئالان هەمووان ئاماژەی بەوەکردووە، وەکو پرۆدیسەری فیلمەکە بەمەبەستی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە بانگهێشی تایبەت کراوە بۆ 28هەمین فیلم فیستڤاڵی نێودەوڵەتی رایندەنس لە لەندەنی پایتەخت.

 

پڕۆدیوسەری فیلمەکە باسی لەوەشکردووە: "هیوادارم بتوانم خەونی خۆم و هەموو تەیمورەکان وهاوڕێ هونەرمەندەکانم بەدیبێنم کەچەندین ساڵە باس لەوە دەکەین چۆن فۆرمی ئەنفال بکرێتە فیلمێکی سینەمای."

 

چیرۆکی (تەیمور، تاکە منداڵی ڕزگاربوی کۆمەڵکوژی ئەنفال) لەلایەن نوسەر و ڕۆژنامەنوس، عارف قوربانی کراوە بە کتێب و نوسراوەتەوە.