گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەردۆگان مەرجی هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا

2020.10.01 - 20:19
ئەردۆگان مەرجی هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا

ناس کورد-

لە لێدوانێكدا كە هەژمونى توركيا لە تەنگژەى نێوان ئازەربايجانى هاوپەيمانى و ئەرمينيا پيشان دەدات، رەجەب تەيب ئەردۆگان، سەرۆككۆمارى توركيا مەرجى بۆ وەستاندنى شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕاگەياند.

 

ئەردۆگان لە وتارێكى تەلەفزيۆنيدا وتى، ئاگربەست ڕاناگەيەنرێت ئەگەر هێزەكانى ئەرمينیا لە ناوچەكانى "هەرێمى ناگۆرنى قرەباغ"ى جوداخواز و زەويەكانى ترى ئازەربايجان نەكشێنەوە.

 

هێماى بۆ ئەوەشكردووە، وەستاندنى شەڕ لەو ناوچەيەدا پشت بە كشانەوەى ئەرمەنيەكان دەبەستێت لە هەموو بستێكى خاكى ئازەربايجان.

 

لە يەكشەممەى ڕابردووەوە شەڕ لە هەرێمی "ناگۆرنى قرەباغ" لەنێوان ئەرمينيا و ئازەربايجان كە حوكمى زاتييان هەيە دەستيپێكردووە، بەهۆى شەڕەكەوە دەيان كوژراو و بريندار لە هەردوولا كەوتوەتەوە و شەڕەكە سنورەكانى هەرێمەكەى بڕيوە، ئەوەش هۆشدارى دەدات لە هەڵگيرسانى شەڕى سەرتاسەرى لەنێوان ئەو دوو وڵاتە كە پێشتر سەربە كۆمارى سۆڤێتى پێشوو بوون.

 

توركياش بە خێرايى هاتە سەر هێڵى شەڕەكە و پشتگيرى خۆى بۆ ئازەربايجانى هاوپەيمانى پيشاندا و داواى لە ئەرمينيا كرد كۆتايى بە داگيركارى ناوچەكانى ئازەربايجان بهێنێت.

 

شارەزايان باس لەوەدەكەن، توركيا لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەرمينيا هاوكارى "باكۆ" دەكات، ئەوەش بەهۆى ئەو دوژمنايەتيیەى لەگەڵ ئەرمەنييەكان هەيەتى، "بێريڤان"يش لاى خۆيەوە توركيا بە دەستوەردانى بەردەوام لە شەڕەكە تۆمەتبار دەكات، كە لەماوەى زياتر لە سەدەيەكە توندترين شەڕ بووە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێيە.

 

بەرپرسانى سەربازى ئەرمينيا باس لەوەدەكەن، سەركردە سەربازيەكانى توركيا شەڕەكە لە هەرێمەكە بەڕێوە دەبەن، "زەهراب مناتساكانيان" وەزيرى دەروەى ئەرمينيا ئاماژەى بەوەداوە، توركيا گروپە چەكداريە ميليشياكان و تيرۆرستان دەنێرێتە ئازەربايجان لەپێناو شەڕكردن دژى هێزەكانيان.

 

ئازەربايجان داوا دەكات كۆنترۆڵى هەرێمى "ناگۆرنى قرەباغ" بكات كە زۆرينەى دانيشتوانەكەى ئەرمەنين و لەساڵى 1991 ەوە جيابونەتەوە، بەڵام لەلايەن كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیيەوە دانى پێدا نەنراوە، ترس لەوەش هەيە ئەگەر شەڕەكە پەرەبستێنێت ئەوا ببێتە هۆى پێكدانانى دوو هێزى گەورەى هەرێميى كە ڕوسيا و توركيان، چونكە مۆسكۆ پشتگيرى ئەرمينيا دەكات.