گه‌ڕان

Shadow Shadow

بــۆچــی مــام جــەلال جیــاوازبــوو...؟

2020.10.01 - 20:08

حەبیب محەمەد جاف

زۆربەی سەرکردەکانی کورد وغەیری کوردیش لەژێر کاریگەری فیکرێکی دیاریکراودا هەڵسوکەوتیان کردووە و نەیانتوانیوە لەو تاک رەهەندیە دەربازببن، بەڵام مام جلال وابەستەی دۆگمایی فیکرێکی دیاریکراو نەبووە، لێرەدا بەکورتی چاند نمونەیەک دەخەینەروو:

 

 ١- (ی.ن.ک) لەسەرەتاوە بەفیکری مارکسی لینینی دەستیپێکرووە و مام جەلال خۆیشی لە رووی ئایدیای شۆرشگێڕیەوە چهندین نوسینی هەیە لە سەر بەرنامە ماویزم وچۆنیەتی ئیدارەدانی شۆڕش، کەچی مام جەلال مارکسی نەبووە بە مانا ئایدۆلۆژیەکەی، بەڵام سودی لێوەرگرتووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش .

 

٢- مام جەلال پاراستنی بیروڕای جیاوازی بەلاوە گرنگ بووە، بۆ نمونە لە شۆڕشی شاخدا کە دەبێت دیسپلین زۆر بەهێزبێت و رێگە نەدرێت درز دروست بێت لە بیروباوەری شۆڕشگێڕەکان و شوڕشەکەدا، کەچی حەمەموکری سەگوەڕ دەنوسێت لەسەر شۆڕشەکە، بەڵام تەنها مام جلال بوو بەرگری لێکرد و بە سیاسی وعەسکەریەکانی شۆڕشی ووت وەڵامی نوسین هەرنوسینە وشتێکیتر نیە فەرموو بەوجۆرەی خۆی وەڵامی بدەنەوە.

 

٣-  مام جەلال فرەیی حیزبی و بیروباوەڕی زۆر بەلاوە تەندروست بووە، بەڵکو خۆی بە راعی ئەو فرەییە دەزانی وهەمیشە دەیپاراست هەر لە بیروباوەڕی چەپ و بان چەپ و ئیسلامی و ئیسلامی پەڕگیر ....هتد، سەرەڕای ئەوەی شیوعیەکان زۆر دژ بوون، کەچی کاتێک لە بەرەی بەعس هاتنەدەرێ ئەو داڵدەی دان لە شاخ ئەگەرچی ئەوان دواتر چوونە بەرەیەکی دژ بە یەکێتی، هەروەها کاتێک کۆمەڵی ئیسلامی توشی شکستێکی گەورەبوو بە بۆردومانەکانی بارەگاکانیان لە هەورامان لەلایەن ئەمریکا و پاشان دەستگیرکردنی م.علی باپیر وهاوڕێکانی، لەو قۆناغە زۆر خراپەی کۆمەڵدا مام جلال ریعایەتی کردن و لەکێشەکانیانی دەپرسیەوە تەنانەت مانگانە سی هەزار دۆلاری داوە بەکۆمەڵ، لەو کاتەدا ئەوە بڕە پارەیەکی باش بوو بۆ ئەوان  بۆ تەرتیبکردنی حاڵی خۆیان سەرەڕای ئەوەی ئەگەر ئەمریکیەکان لەو کاتەدا بەمەیان بزانیبایە کاریگەری خراپی دەکردە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و یەکێتی و شەخسی مام جلال، مام جلال خۆی بە بەرپرسیار وراعی  دەزانی بەرامبەر هاوڵاتیان ولایەنە سیاسیەکان، م.علی باپیریش چەندینجار پەسن وپێزانینی خۆی دەربڕیوە لەو رووەووە بۆ مامجلال.

 

٤-  ئەگەرچی زۆربەی سەرکردەکانی یەکەمی یەکێتی لەژێر کاریگەری فیکری مارکسی- لینیدا بوون واتێگەیشتبوون دەبێت دژ بە ئاین بن، بەڵام مام جەلال وانەبوو، ئەو پێی وابوو دەکرێت مارکسیەت رێگایەک بێت بۆ شۆڕش و تێڕوانینێک بێت بۆ جۆری ئابوری، بەڵام ئاین مەسەلەیەکیترە، دەکرێت هەموو کەسێک ئیلتیزامی ئایینی خۆی هەبێت، بۆیە ئاراس شێخ جەنگی کە لە کارکردن و خزمایەتیدا زۆر نزیک بوو لە مام جلالەوە دەڵێت مام جەلال نوێژ ورۆژوو  تاعەتی خۆی هەبوو وپارێزگاری لێدەکردن، ئەو دەڵێت مام جەلال بۆ سیاسەت نوێژ ورۆژووی نەدەکرد، بەڵکو هەر قەناعەتی ئایینی خۆی هەبوو ، کاتێکیش دەوربەری چۆڵ بوایە باشتر نوێژەکانی دەکرد.(چاوپێکەوتنێکی شێخ ئاراس لە تیڤی گەلی کوردستان).

 

٥-  سەبارەت بەعێراقیش ئەوەندە بەسە بڵێین، دوای مام جەلال هیچ سەرکردەیەک نەیتوانیوە عێراقیەکان کۆبکاتەوە.

 

٦-  مام جەلال سڵی لەوە نەدەکردەوە کاتێک دۆستایەتی دەکرد بەئاشکرا بڵێت بەڵێ من دۆستایەتیم هەیە لەگەڵ فڵان دەوڵەت یان فڵان هێز، وەکو دۆستایەتی لەگەڵ هێزە فەلەستینیەکان دژ بە ئیسرائیل، هەروەها پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ ئێرانیەکان. 

 

 بۆ نمونە لەکۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەمریکییەکان لەگەڵ هێزه شیعە وکوردەکان لەساڵی ٢٠٠٥ بایدن باسی ئێران دەکات، لادەکاتەوە بەلای مام جەلالدا و دەڵێت، دەزانم تۆیش دۆستایەتیت هەیە لەگەڵ ئێرانیەکان، مام جلالیش لەوەڵامی بایدندا دەڵێت،  بیست و پێنج ساڵە من دۆستایەتیم هەیە، هیچ هێزیکیتر شیعە لەوێدا  نەیتوانیبوو بەرگری لەئێران بکات لەکاتێکدا ئەوانە لە رەحمی وەلی فەقیەوە لە دایک بوون، بەڵام هەمیشە دۆست و پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانیش بووە و نەیشاردووەتەوە و زۆر هەوڵیشی داوە لەگەڵ ئێرانیەکانیش بۆ کۆکردنەوەیان لە پێناو چارەسەری دۆزی کورد لەئێران ، ئەم جۆرە پەیوەندیانە کە بەرواڵەت دژبەیەکە، بەڵام بۆ مام جەلال دژ بەیەک نەبووە و هەموو لایەکیش ئەمەیان دەزای و مام جەلالیان بەم جۆرە قبوڵ بوو وەکو دۆست، وەکو حەکەم، وەکو راعی، وەکو نێوانگیری خێر.

 

٧--زۆرشتیتریش لەوانە مام جەلال پارە وسامان لە دەستیدا بوو ،لەدڵیدا نەبوو بەپێچەوانەی برادەرانەوە، مام جەلال لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری تەنازولی لەبەرژەوەندی شەخسی وحیزبی دەکرد وبەلایەوە سەروەری بوو، وەکو رۆشتنی بۆسەری رەش لەگەرمەی شەڕی ناوخۆ بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕی ناوخۆ....هتد