گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەی وەزارەتى دارايى لەبارەی دیارنەمانی 6 ترلیۆن دینار

2020.10.01 - 17:35
ڕوونکردنەوەی وەزارەتى دارايى لەبارەی دیارنەمانی 6 ترلیۆن دینار

ناس کورد-

وەزارەتى دارايى عێراق ئەو دەنگۆيانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە ديارنەمانى شەش ترليۆن دينار لەو پارەيە دەكەن كە لە ناوخۆ قەرزكراوە و تەئكيد دەكاتەوە كە بۆ موچە خەرجكراوە.

 

لەماوەى ڕابردوودا دەنگۆى ئەوە بڵاوكرايەوە كە ئەو پارەيەى لە ناوخۆ قەرز كراوە كە بڕەکەى 15 ترليۆن دينارە، شەش ترليۆنى ديار نەماوە.

 

لەو بارەيەوە وەزارەتى دارايى ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردوەتەوە و تێيدا هاتووە: " بە توندى ئەو دەنگۆيانە ڕەتدەكەينەوە كە باس لە ديارنەمانى شەش تۆليۆن دينار لەو پارەيە دەكات كە قەرزكراوە."

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو پارەيەى كە قەرزكراوە و لە ئەنجومەنى نوێنەران ڕەزامەندى لەسەر دراوە بەتەواوەتى بۆ پڕكردنەوەى كورتهێنانى خەرجيیەكان تەرخانكراوە و لە موچەى فەرمانبەران و خانەنشينان بۆ مانگەكانى حوزەيران، تەموز و ئاب خەرجكراوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، داهاتى نەوت لە ماوەى نێوان 1\1\2020 بۆ 17\9\2020 بريتى بوە لە 33 ترليۆن و 600 مليار دينار، ئەوەى لەساڵى 2019 ماوەتەوە بۆ ساڵى ،2020 بڕەکەى پێنج ترليۆن بووە و كۆى گشتى قەرز 14 ترليۆن و 500 مليار بووە و بەوەش كۆى گشتى پارەكە گەيشتوەتە 53 ترليۆن و 100 مليار دينار.

 

تەئكيديش كراوەتەوە، 50 ترليۆن و 900 مليار دينار بۆ موچە و تۆڕى چاودێرى كۆمەڵايەتى و قەرز و فۆرمى خۆراك و گەنم و خەرجیيە كارپێكردنەكانى فەرمانگە ئەمنيەكان و سەرۆكايەتيەكان و بەڕێوەبەرايەتیيە تەندروستيیەكان خەرجكراوە، 380 مليار ديناريش بۆ پرۆژە وەبەرهێنانەكان خەرجكراوە و ئەوەى دەمێنێتەوە يەك ترليۆن و 800 مليار دينارە كە لە بەرێوەبەرايەتى ژمێڕياریيە كە لە قەرزەكە ماوەتەوە.

 

وەزارەتى دارايى تەئكيديشى كردووەتەوە، ئەو قەرزە دەرەكيەش كە پەرلەمان رێگەى پێداوە و 5 مليار دۆلارە بۆ پرۆژە وەبەرهێنانەكان خەرجدەكرێت.