گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاتی دەستپێکردنەوەی دەوام لە دوو زانکۆی هەرێم ڕاگەیەندرا

2020.10.01 - 16:57
کاتی دەستپێکردنەوەی دەوام لە دوو زانکۆی هەرێم ڕاگەیەندرا

ناس کورد-

هەردوو زانکۆی گەرمیان و هەڵەبجە کاتی دەستپێکردنی دەوامی ئەمساڵیان ڕاگەیاند و چەند بڕیارێکیشیان لەوبارەیەوە دا، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان داوای بەپەلە چارەسەرکردنی موچەش لە حکومەتی هەرێم دەکات.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2020، لەڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی زانکۆمان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (۲٠۲٠_۲٠۲۱) ، ئەمڕۆ سەرجەم بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانەوە ئامادەکران بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە (  ٤_۱٠_ ۲٠۲٠) بە ڕووی خوێندکاراندا بکرێنەوە و بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان ژوورەکان دابەش بکرێن."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیار دراوە ماوەی مانەوەی خوێندکاران لە بەشە ناوخۆییەکاندا، بەپێی خشتەی ئەو بابەتە ( پراکتیکی + تییۆری)یانە بێت کە بەشەکان بڕیاریان لێداوە لە ناو کەمپی زانکۆدا بخوێنرێن .

 

سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان دەشڵێت: " پێویستە حکومەت دەستوبرد بکات لە چارەسەرکردنی گرفتی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت."

 

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆکەیان كۆبوویەوە و دوای گفتوگۆكردنی سەبارەت بە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد، کە ئەمانەن:

 

١ -خوێندنی زانکۆی هەڵەبجە بەشێوازی ئاوێتە دەبێت لە (٢٠٢٠/١٠/٤) دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی (٢٠٢٠/١٠/٢٥) بە جۆرێک وانە تیۆرییەکان بە شێوازی ئەلکترۆنی و وانە پراکتیکیەکان لە کەمپەس دەبێت بە رەچاوکردن رێکارە تەندروستیەکان، ئەمەش بەهۆی رەوشی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجەو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دوای (٢٠٢٠/١٠/٢٥) خوێندن لە نێو کەمپەس دەستپێدەکات بە رەچاوکردن وجێبەجێکردنی رێکارە تەندروستیەکان.

 

٢ - لە رۆژی (٢٠٢٠/١٠/٤) بەشە ناوخۆیی بەسەر خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە دابەش دەکرێت بەپێی خشتەیەک کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشە ناوخۆییەکانەوە رادەگەیەنرێت. وە بەشە ناوخۆیی تەنها بەو خوێندکارانە دەدرێت کە سەرو (٤٠کم) دوورن لە سەنتەری شاری هەڵەبجە.

 

٣ -پێویستە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها خوێندکاران لە کاتی دەوامی زانکۆ و لە بەشەناوخۆیی پابەندیی تەواو بن بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە.

 

٤-  خوێندنی ئێواران لەنێو کەمپەس لە (٢٠٢٠/١٠/٤) دەستپێدەکات.

 

٥- خوێندنی باڵا/ ماستەر لە نێو کەمپەس لە (١١/١٠/٢٠٢٠) دەستپێدەکات.