ناس کورد-
بەگوێرەى قسەی خاوەن نوسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی، نرخی دراو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ دوای هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردوی هەولێر، بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەراورد بە دوێنێ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 300 بۆ 400 دینار بەرزبۆتەوە.
زریان فەلاح حەسەن، خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی شاخی كەڵەكن لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ ناس كورد، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دراو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردوی هەولێر دەگەڕێنێتەوە.
ناوبراو وتی"هەر شەوی رابردو لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەوەی شەش موشەك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كراون، دەستبەجێ بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی 300 بۆ 400 دینار بەرزبوەوە."
"لەدۆخی لەو شێوەیەدا بەگشتی خەڵك دەترسێت دەڵێت با دۆلارەكەم پێ بێت باشترە تاوەكو دینار، بەو شێوەیەش كە خواست لەسەر دۆلار زۆر بوو، خۆبەخۆ نرخی بەرزدەبێتەوە." زریان وای وت.
ئێوارەی دوێنێ لە كاتی داخستنی بازاڕدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە 123 هەزارو 800 دینار مامەڵەی پێوەكراوە، لەكاتێكدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخەكەی گەیشتۆتە 124 و 200 دینار.
هاوكات لە بازاڕەكانی عێراقیشدا ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 124 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكراوە لەكاتێكدا دوێنێ بە 122 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەكراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ بەهای دۆلار لەسەر ئاستی جیهان لەبەرامبەر یوانی چینی، دۆلاری ئوسترالی و كرۆنی نەرویژی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.