گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەحمود سەنگاوی چی لەبارەی مەلا بەختیار و ’ئاش’ـەوە دەڵێت؟

2020.10.01 - 14:03
مەحمود سەنگاوی چی لەبارەی مەلا بەختیار و ’ئاش’ـەوە دەڵێت؟

ناس كورد-

مەحمود سەنگاوی لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت "مەلا‌و ئاش ورتە ورتیان خستبوە ناو پێشمەرگە و فەرماندەكانەوە رۆژانە بۆچونەكانیان لەلای خەڵكی ساویلكە رەنگی ئەدایەوە".

 

بەگوێرەی خوێندنەوەیەك كە ئاوێنە ئەمڕۆ (1ى تشرینى یەکەمى 2020) بۆ بیرەوەرییەكانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی مەحمود سەنگاوی كردووە، ناوبراو سەبارەت بەمەلا بەختیار ‌و ئاڵای شۆڕش، دەڵێت "مەلا‌ و ئاش ورتە ورتیان خستبوە ناو پێشمەرگە و فەرماندەكانەوە رۆژانە بۆچونەكانیان لەلای خەڵكی ساویلكە رەنگی ئەدایەوە".

 

هەروەها دەڵێت "بەبێ‌ پرسی سەركردایەتی ساڵی 1983 لەگەڵ جود‌و حزبی شیوعی لەقەرەداغ سازشیان كردو دوابەدوای ئەوەش هەندێ‌ كەسی كاڵفامیان هەڵنا بۆ ئەنجامدانی یاخیبونێكی عەسكەری لەگەرمیان".

 

مەحمود سەنگاوی جەخت لەوەش دەكاتەوە ئاڵای شۆڕش لەبنەڕەتدا كارێكی تێكدەرانەو پیلانێكی داڕێژراو بو نەك هەر سەری نەگرت، بەڵكو بەرگەی هەڵمەتی دەستەیەك پێشمەرگەی نەگرت".

 

دەشڵێت "مەلا بەختیار لەبەردەم سەركردایەتیشدا لەبری بەرگری لەهەڵوێستەكانی خۆی‌و راستی هێڵی فكری‌و دیدو بۆچونەكانی لەبەرزییەوە تلیسایەوەو خۆی پێڕانەگیرا، مەلا‌ و ئاش زەربەیەكی كوشندە بون لەشۆڕش، بونە مایەی پشێوی مێشكی خەڵكی‌و سەرلێشێوانی هەندێ‌ كادێر‌ و  پێشمەرگەی دڵسۆز، ئەمەش سودی زۆرتری بۆ دوژمن هەبو".

 

باس لەوەش دەكات كە "گرتنەكەی - مەلا بەختیار‌و هاوڕێكانی - دەنگدانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە، بەشێك بەتیرۆری بیری لەقەڵەم دا، كە لەڕاستیدا ئەمە قسەیەكی بێ‌ بناغەیە".

 

یرەوەرییەكانی سەنگاوی، كتێبێكی 770 لاپەڕەیی قەبارە گەورەیە، كە مەحمود سەنگاوی چیرۆكی ژیانی خۆی لەمنداڵییەوە تا ساڵی 2000 تیا دەگێڕێتەوە.

 

لەدوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (لەبری بیروەری) مەلا  بەختیار لە ناوەڕاستى ئەیلولى 2020، بەرپرسان و میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هێرشی زۆریان كردە سەر گێڕانەوەكانی مەلا بەختیار دەربارەی سەركردەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، بەمدوایانەش لەلایەن هەندێ فەرماندە و بەرپرسی ئێستا و پێشووی یەكێتیی نشیتمانییەوە ڕەخنە لە ناوەڕۆك و هەندێ گێڕانەوەی كتێبەكە گیراوە، لەپاش ئەو ڕەخنە زۆرانەش ئەمە چوارەم جارە مەلا بەختیار نوسەری (لەبری بیرەوەری) بە لێدوان و نووسین بەرگری لە گێڕانەوە و ناوەڕۆكی كتێبەكە بكات، یەكەمیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی و سێ جارەكەی تر بە نوسین لە پەیجی تایبەتی خۆی هەندێكیان خستنەڕووی بەڵگەنامە و نامەی دەستخەت و گێڕانەوەی ساڵانی هەشتای "شۆڕشی نوێ"ی یەكێتین.

 

لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوكردنەوەی یادەوەری و بەڵگەنامەكانی سەردەمی "شۆڕشی نوێ" ی كوردی مشتومڕ و هەرای گەورەی سیاسی و میدیایی لێ كەوتووەتەوە، دواترینیشیان بڵاوكردنەوەی "لە بری بیرەوەری" مەلا بەختیارە كە ناڕەزایی توندی گۆڕان و ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی بەدوای خۆیدا هێناوە.