گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی 1ى ئایار بە ڕۆژی کرێکاران دیاریکرا لە جیهاندا؟

2019.05.01 - 09:59
بۆچی 1ى ئایار بە ڕۆژی کرێکاران دیاریکرا لە جیهاندا؟
ناس کورد- لە چەندین وڵاتی جیهان ڕۆژی 1ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران دیاریکراوە، زیاد لە 100 وڵاتى جیهان ئەو ڕۆژە دەکەن بە پشووى فەرمى. . چیرۆکی دیاریکردنى 1ى ئایار بۆ کرێکاران لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا ئەمریکا لە سەرەتای شۆڕشێکی پیشەسازیدا بووە، کرێکارە ئەوروپییەکان کە کۆچیان کردبوو بۆ ژیانێکى نوێ، نوێنەرایەتی هێزی کاریان دەکرد لە ئەمریکا. . لەو کاتەدا بارودۆخی کارکردن زۆر خراپ بووە، کرێی کارکردن کەم بووە و کاتی کارکردنیش زۆر، مانگرتنی کرێکاران لە هەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەم زۆر بەربڵاو بوو، ئەو جوڵانەوەیەش لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە ئەوانەى بە شیوعیی ناسرابوون کە بڕوایان بە لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداری هەبوو سەرکردایەتی دەکران، زۆرێکیشیان لە ئەڵمانیاوە ڕۆشتبوونە ئەمریکا. . لە ساڵی 1886 یەکێتی سەندیکای کرێکاران لە ئەمریکا داوای کرد، کە لە 1ی ئایاردا مانگرتن ئەنجامبدرێت، هۆکارى ئەو مانگرتنەش بۆ ئەوەبوو کارکردن لەڕۆژێکدا ببێت بە 8 کاتژمێر، لەو مانگرتنەشدا زیاد لە 300 هەزار کرێکار بەشدار بوون. . لە 3ی ئایارى ساڵى 1886، بە دەستی پۆلیسی شیکاگۆى ئەمریکا ژمارەیەک لەو کرێکارە مانگرتوانە کوژران. . لە ڕۆژی 4ی ئایاری ئەو ساڵەدا، لە گۆڕەپانی هیمارکێت لە شاری شیکاگۆ لەو شوێنەى کرێکارەکان تیایدا کۆدەبوونەوە بۆمبێک دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە پۆلیس و کرێکار گیانیانلەدەستدەدەن. . لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەى ئەوکاتەشدا 8 لە سەرکردە و بەڕێوەبەرانى مانگرتنەکە دادگاییکران، تۆمەتبار کرابوون بە هاندان بۆ هێرشکردنە سەر پۆلیس، پاشان لە ساڵی1887 بە بڕیارى دادگا 4 لەو سەرکردانە لەسێدارە دران و پاشان لەساڵی 1893 دادوەری ویلایەتی ئیلینو ئەوانی دیکەى ئازاد کرد. . لە ساڵی 1889 سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکدا کە لە پاریس ئەنجامدرا، داوای یەکخستنەوەی شۆڕشی کرێکارانی کرد لە جیهاندا، بۆ ئەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکرێتەوە بۆ 8 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. . لەو کۆنگرەیەشدا بڕیاریاندا کە وەڵامی ئەو داخوازییە بدەنەوە لە ڕێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری جیهانی لە 1ی ئایاری ساڵی 1890، بەو هۆیەشەوە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانى کرێکاران ناسێندرا. . بە گوێرەى ئامارە فەرمییەکان ڕۆژی 1ى ئایار، بە ڕۆژی پشوی فەرمی دادەندرێت لە 107 وڵاتی جیهاندا، کە 67% کۆى دانیشتووانى گۆى زەوی دەکات. . .