گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارى قوربانیانى خۆپیشاندانەکانى عێراق ئاشکرا کرا 

2020.10.01 - 11:09
ئامارى قوربانیانى خۆپیشاندانەکانى عێراق ئاشکرا کرا 

ناس کورد-

دامەزراوەى شەهیدانى عێراق ڕایگەیاند، فۆرمێکیان بۆ سەرژمێریکردنى قوربانیانى خۆپیشاندانەکانى عێراق ئامادە کردووە و لەسەرتاسەرى عێراقدا ژمارەى قوربانیەکان گەیشتووەتە 1963 قوربانى کە لەناویاندا شەهید و بریندار و ڕفێنراو و بێ سەروشوێن هەیە.

 

تاریق مەندەلاوى، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى قوربانییانى تیرۆر و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەدامەزراوەکە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد، فەرمانگەکەیان لەمانگى ئابى ڕابردوودا فۆڕمێکى ئەلیکترۆنى تایبەت بە پێشکەشکردنى مامەڵە بۆ قوربانییەکانى خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەرى عێراقدا ئامادە کردووە و تا ئێستا توانیویانە لە 50%ى کارەکانیان بۆ وەرگرتنى مامەڵەى شەهیدانەى خۆپیشاندانەکان کە دراوەتە فەرمانگەکەیان، تەواو بکەن.

 

مەندەلاوى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لیستى ناوى ئەوانەى بەپێى یاسا دەیانگرێتەوە ئامادە کراوە و فۆرمێکى تایبەتیش بۆ قوربانیانى ئێزدییەکانى پارێزگاى نەینەوا ئامادەکراوە و فەرمانگەکەشیان 62 بەڵگەى مردنى بۆ ئەوانە دەرکردووە کە تەرمەکانیان لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە ئەوەش بۆ ئاسانکارى مامەڵەکانیان کە تا ئێستا کەسوکارەکانیان هیچ قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووەتەوە بەهۆى ئەوەى ئاوارەبوون بۆ دەرەوەى وڵات یاخود لەکەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان.