گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا پلانی حكومەتی فیدراڵی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا كرا

2020.10.01 - 10:19
دوا پلانی حكومەتی فیدراڵی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا كرا

ناس کورد-

رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی رایگەیاند، حكومەتی عێراق تاوتوێی بڕیارێك دەكات بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 30، بەڵام لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوە بە چارەسەرێكی "نادروست و نایاسایی" ناودەبات.

 

بەگوێرەی رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمى، بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران حكومەت و پەرلەمانی عێراق بیر لە چەند چارسەرێك دەكەنەوە كە یەكێك لەوانە ئەوەیە حكومەتی عێراق تاوتوێی پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەكات بە رێژەی لەسەدا 30.

 

بەڵام ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێی وایە پەنابردنە بەر ئەو چارەسەرە، "كارێكی دروست نییە" بەتایبەت لەكاتێكدا كە بەبڕوای ئەو چارەسەری دیكە هەن و دەكرێت بەبێ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران پەنایان بۆ ببرێت.

 

سەفار ئاماژەی بەوە داوە كە دەوڵەت دەتوانێت داهاتی خۆی لەڕێگەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان زیاد بكات و ئەوەشی خستۆتەڕو كە داهاتی دەروازە سنورییەكان دەبێت مانگانە لە یەك ترلیۆن دینار كەمتر نەبێت، كەچی دەستكەوتنی تەنها 200 ملیار دینار یاخود لەسەدا 20ی ئەو بڕە راستەقینەیە رادەگەیەنرێت.

 

سەفار هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیارێتی ئەو هەڵە گەورەیەی دەكەوێتە ئەستۆ كە تێی كەوتون و تێیدا فەرمانبەر دەبێتە قوربانی وەرگرتنی موچەی مانگانەی بە 45 رۆژ جارێك.

 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی بەدوریشی دەزانێت بەرلە 10ی ئەم مانگە پەرلەمان بتوانێت دانیشتنی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ میوانداریكردنی وەزیری دارایی و دۆزینەوەی چارەسەرێك لەسایەی دواكەوتنی موچەداو وتوشیەتی"تا ئێستا هیچ هەواڵێك نییە بۆ خەرجكردنی موچە."

 

لای خۆیشییەوە ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاندوە، هەر كەمكردنەوەیەكی موچەی فەرمانبەران بەبێ یاسا ناتوانرێت تێپەڕێنرێت و عێراق توانایەكی ئابوری وای نییە بۆ فرۆشتنی سەنەدەكانی بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنان.