گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میدیای گروپە وەلائییەكان موشەكەكانی هەولێر دەداتە پاڵ لایەنێكی كوردی

2020.10.01 - 09:56
میدیای گروپە وەلائییەكان موشەكەكانی هەولێر دەداتە پاڵ لایەنێكی كوردی

ناس کورد-

میدیایەكی سەر بە گروپە چەكدارەكانی شیعە "موقاوەمەی ئیسلامی" بڵاویكردەوە گروپێكی كوردی لەپشت هەڵدانی موشەكەكانی شەوی ڕابردووی نزیك فڕۆكەخانەی هەولێرن.

 

لە هەواڵێكدا كە ئاژانسی "صابرین نیوز"ی داكۆكیكاری گروپە چەكدارەكانی شیعە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویكردووەتەوە هێرشە موشەكییەكانی هەولێر دراوەتە پاڵ "أحرار كوردستان" بە ئامانجی بەرهەڵستیكردنی "ئیمپریالیزمی جیهانی".

 

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە لۆگۆی ئەم گروپە هاوشێوەی لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕانە و هەڕەشەی كردووە لە داهاتوودا چالاكیتر ئەنجام بدات.

 

هاوکات ئاژانسەکە لەبارەى بۆردومانکردنى شارى هەولێر ئاماژەى بەوە کردووە کە ئامانج لێی شكستپێهێنانی تڕەمپە لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ پووچەڵكردنەوەی ئەگەری پەنابردنی ئەمەریكا بۆ شارە كوردی و سوننەكان لەگەڵ تۆڵەكردنەوەی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.

 

شەوى رابردوو سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانى هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبار کرا.