گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەندراوى ئۆپراسیۆنەکانى حەشدى شەعبى لەدواى تاوانبارکردنیان بە بۆردومانکردنى هەولێر

2020.10.01 - 08:20
ڕاگەیەندراوى ئۆپراسیۆنەکانى حەشدى شەعبى لەدواى تاوانبارکردنیان بە بۆردومانکردنى هەولێر

ناس کورد-

فەرماندەیى نەینەواى دەستەى حەشدى شەعبى راگەیەندراوێکى لەبارەى بۆردومانکردنى شارى هەولێر و تۆمەتبارکردنى حەشد بەو کارە، بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوى فەرماندەیى نەینەواى دەستەى حەشدى شەعبى کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە، فەرماندەیى ئۆپراسیۆنەکان بەدواداچوونى بۆ ئەو لێدوان و هەڵویستانە کردووە کە لەبارەى بەئامانجگرتنى شارى هەولێر بە موشەک خرایەڕوو و "سەرمان سوڕماوە لەو پەرچەکردارە خێرایانەى پاش رووداوەکە".

 

راگەیەندراوەکەى فەرماندەیى نەینەواى حەشدى شەعبى رونیدەکاتەوە ئەو ناوچەیەى کە موشەکەکانى لێوە ئاراستەى شارى هەولێر کراوە ناوچەیەکى هاوبەشى نێوان سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى و هێزەکانى پێشمەرگەیە.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستى پێکردووە و بەپشتبەستن بە کامێراکانى چاودێرى هەوڵى ئەوە دەدرێت کە چۆنیەتى هاتنى ئەو بارهەڵگرە موشەکە بدۆزرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانیش بۆ ڕاى گشتى ئاشکرا دەکرێن.

 

راگەیەندراوەکە لەکاتێکدایە کە سامى بەکداش، بەرپرسى راگەیاندنى لیواى 30ى حەشدى شەعبى لە میانەى لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو ناوچەیەى کە موشەکەکانى لێوە ئاراستەى شارى هەولێر کراوە ناوچەیەکى هاوبەشى نێوان سوپا و حەشد و پێشمەرگەیە.

 

رەتیشیکردەوە حەشدى شەعبى پەیوەندى هەبێت بەو روداوەوە و جەختیکردەوە کە ئەو جۆرە کارانە زیان بە ناوبانگى حەشدى شەعبى دەگەیەنێت و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى بەردەوامى هەیە.