گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەمریکا ڕێگە بە عێراق دەدات گاز لەئێرانەوە هاوردە بکات؟

عێراق بۆ بەدەستهێنانى گازی سروشتی بەشوێن جێگرەوەی ئێران دەگەڕێت

2019.05.01 - 09:23
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق بۆ بەدەستهێنانى گازی سروشتی بەشوێن جێگرەوەی ئێران دەگەڕێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی ئەمریكا بۆ عێراقی دەستنیشان كردبوو، سەبارەت بە هاوردەكردنی گازی ئێران، عێراقییەكان ترسی ئەوەیان لادروستبووە كە ئەمریكا جارێكی تر ڕێگە نەداتەوە گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بكرێت، کە ئەوەش کیشە بۆ عێراق دروستدەکات. . بەشێک لە ئابوریناسانی عێراق پێیانوایە واشنتۆن بە بڕیاری ڕێگری لە عێراق بۆ هاوردەکردنی پێداویستییەکانی لە ئێرانەوە، ئەو وڵاتە دووچاری قەیرانی گەورە دەکاتەوە بەوپێیەی کە عێراق ئامادەکاری پێشوەختەی نەبووە. . ساڵح ئەلهەماشی ئابوریناسی عێراقی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "بۆ شوێنگرەوەی ئێران، عێراق پێویستی بە لێكتێگەیشتن و دانوستانی نوێ هەیە، پێدەچێت میسر یان سعودیە جێگرەوەی باش بن، بەڵام ئەوەش كێشەیەكی دیکەیە، چونکە ڕاكێشانی بۆری گاز لە هەر وڵاتێكیانەوە بێت كات و بودجەی زۆری دەوێت" . . پاش 3ی ئایار عێراق چ بەرەیەک هەڵدەبژێرێت؟ . ئابوریناسان ئەوە بەدوورنازانن، کە ئەمریكا ئەو وادەیە بۆ عێراق درێژبكاتەوە، تا ئەو كاتەی جێگرەوەی ئێرانی دەستدەكەوێت. . ساڵح ئەلهەماشی ئاماژە بەوە دەکات، عێراق 100% پابەندی سزاكانی سەر ئێران بووە، چونکە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا مامەڵەی بە دۆلارەوە نەکردووە، بەڵکو بە دراوەکانی (یۆرۆ و تمەن و دینار) مامەڵەی کردووە، ئاشکراشیدەکات، لە دوایین ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، ئێران پلاستیك و تایە و شوشە و فۆسفات بە دینار لە عێراق دەكڕێت. . لەلایەكی دیکەوە سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، "ئەو ڕێگەپێدانەی ئەمریكا بە كڕینی نەوتی ئێران لەلایەن هەشت وڵاتەوە، عێراقی نەگرتەوە و تیێدا نەبوو، عێراق هەوڵدەدات پشت بەخۆی ببەستێت لە بواری وزەدا، جا لە بەرهەمهێنانی گازدا بێت یان كارەبا، وەزارەتی نەوت پلانی تۆكمەی داناوە و دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پلانەکان". . سەبارەت بە پابەندبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ئیحسان ئەلشەمەری سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "عێراق تەواو پابەندە بە سزاكان، لێبوردنیش لەلایەن ئەمریكاوە تەنها تایبەت بوو بە گاز و بەرهەمەكانی، ئەوەش بە مەرجی بەكارنەهێنانی دۆلار لە كڕینیاندا". . ئیحسان ئەلشەمەری دەشڵێت، 3ی ئایار دوا وادەیە بۆ ڕێگەپێدانی هاوردەكردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە، دوای ئەو بەروارەش قسەیەكی دیکە دێتە کایەوە ئایا دیسان ڕێگە بە عێراق دەدرێت گاز هاوردە بکات؟. . شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی لە عێراق داوا لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن بە وریایی و شارەزاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە بکا بە جۆرێک، دڵڕەنجاندنی ئەمریکا یان ئێران کامیان لە بەرژەوەندی عێراق دەبێت، یان بتوانێت چارەسەرێکی ناوەند بدۆزێتەوە بۆ ئەو پرسە. .