گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارەکانى یەک مانگ چى نیشاندەدەن؟

کۆرۆنا زیاتر تەنگ بە هەرێم هەڵدەچنێت...دهۆک کارەساتبارترینە [تایبەت]

2020.09.30 - 16:41
کۆرۆنا زیاتر تەنگ بە هەرێم هەڵدەچنێت...دهۆک کارەساتبارترینە [تایبەت]

ناس کورد-

ئامارەکانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى ئەم مانگەدا هەڵکشانى زۆرى بەخۆوە بینیوە و زیاتر لە 19 هەزار توشبووى نوێ تۆمارکراوە لەگەڵ 675 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 12 هەزار چاکبوونەوە.

 

بەگوێرەى بەدواداچونى ناس کورد بۆ ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، دەردەکەوێت تا کۆتایی مانگى ڕابردوو 28 هەزار و 752 توشبوو لەهەرێم تۆمارکرابوو، بەڵام تا ئەمڕۆ بۆ 47 هەزار و 810 حاڵەت بەرزبوەتەوە، واتە 19 هەزار و 58 توشبووى نوێ تۆمارکراوە.

 

هەروەها ژمارەى گیانلەدەستدان لە هەرێم بەڕێژەیەکى بەرچاو هەڵکشاوە، بەجۆرێک تا کۆتایی مانگى ڕابردوو هەزار و 74 حاڵەت تۆمارکرابوو، بەڵام لە ئێستادا بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 749 حاڵەت، واتە 675 حاڵەتى نوێی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

 

هەر بەگوێرەى ئامارەکان، لەماوەى ئەم مانگەدا ئامارى چاکبوونەوەش هەڵکشاوە و 12 هەزارو و 556 توشبوو چاکبوونەتەوە.

 

دهۆک؛ کارەساتبارترین پارێزگا

لەسەر ئاستى پارێزگاکان ئامارەکان دەریدەخەن کە دهۆک کارەساتبارترین پارێزگایە لەماوەى مانگەدا و ئامارەکان چەند هێندە لەو پارێزگایە زیادیانکردووە.

 

ئامارەکان دەریدەخەن تاکۆتایی مانگى ڕابردوو ئامارى توشبوون لە دهۆک هەزار و 445 حاڵەت بوو، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 12 هەزار و 286 توشبوو، واتە 8149 توشبووى نوێ تۆمارکراوە.

 

هەروەها تا کۆتایی مانگى ڕابردوو لەدهۆک 49 حاڵەتى گیانلەدەستدان تۆمارکرابوو، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 258 حاڵەت، واتە 209 حاڵەتى نوێ تۆمارکراون.


زیادبونى پارێزگاکانى دیکە بەم شێوەیەیە: 

 

هەولێر: 5876 توشبوو، 159 گیانلەدەستدان

سلێمانى: 4235 توشبوو، 287 گیانلەدەستدان

هەڵەبجە: 798 توشبوو، 20 گیانلەدەستدان

 

تەندروستى هۆشداریدەدات

لەگەڵ هەڵکشانى ئامارەکانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى تەندروستى هۆشداریدەدات لەوەى رەنگە لەوەرزى پایزدا ئامارەکان زیاتر بەرزبنەوە، بۆیە داواى پابەندبوونى زیاترى هاووڵاتیان دەکات.

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ى ئەیلوولى 2020) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لەگەڵ هاتنى وەرزى پایز نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان زیاتر دەبێت کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا، بۆیە ئەگەرى توشبوون زیاتر دەبێت".  

  

وتیشى"هەڵکشانى ئامارەکانى کۆرۆنا پەیوەندى بەچەند هۆکارێکەوە هەیە کە دیارترینیان هاتنى پایزە کە وەرزێکى لەبارەى بۆ پەتا، توشبوون بەپەتاش سیستەمى بەرگریی جەستە لاواز دەکات و وادەکات خەڵک ئاسانتر توشى کۆرۆنا بن".  

  

ئاسۆ حەوێزى جەختیکردەوە، لەگەڵ هەڵکشانى ئامارەکان، داکشانیش هەیە و پێویستە هاووڵاتییان زیاتر پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە.  

  

ڕونیشیکردەوە "لەناو هەموو رێنماییەکاندا بەستنى ماسک زۆر گرنگە، تەنانەت هەندێ توێژینەوە بە چارەسەر دایدەنێن".  

  

ئاسۆ حەوێزى ئەوەشى خستەڕوو، وەزارەت خۆى ئامادەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسە لەوەرزى پایزدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتێکى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیانیان دەستپێکردووە.