گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا دەیەوێت ئیخوان موسلیمن بخاتە لیستى تیرۆرەوە و ئیخوانیش وەڵامی هەیە

2019.04.30 - 22:57
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا دەیەوێت ئیخوان موسلیمن بخاتە لیستى تیرۆرەوە و ئیخوانیش وەڵامی هەیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، ترەمپ بەنیازە کۆمەڵەى ئیخوان موسلمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی بخاتە لیستى تیرۆرەوە، ئەوەش ڕێگە بە ئەمریکا دەدات سزای قورسی ئابوری بخاتەسەر کۆنترین کۆمەڵەى ئیسلامی میسری و بەرپرسانیدا. سارا ساندێرز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسانی تردا ڕاوێژی کردووە و لەسەر ئاستى ناوخۆش چەند ڕێکارێکى گرتووەتەبەر بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکە. ئەو هەنگاوەى ترەمپ دوای پێشوازیکردنی دێت لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکى میسر لە کۆشکی سپی، بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز، لە کۆبوونەوەیەکى دوو قۆڵیدا سیسی داوای لە ترەمپ کردووە کۆمەڵەى ئیخوان موسلمین بخاتە لیستى تیرۆرەوە و ترەمپیش پێشنیازەکەى پێ خراپ نەبووە. بەرپرسێکى باڵای ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەى وتووە، جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری نەتەوەیی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوە پشتگیری هەنگاوەکەى ترەمپ دەکەن، بەڵام بەرپرسانى وەزارەتى بەرگریی (پنتاگۆن) و چەند بەرپرسێکى دیکە دژى هەنگاوەکەن. لەبارەى هەنگاوەکەى ئیدارەى ترەمپ، کۆمەڵەى ئیخوان موسلمین ڕایگەیاند، سەرباری هەوڵەکانى ترەمپ لە کار بەردەوام دەبن بەپێی هزری میانڕەویی و ئاشتیخوازی خۆیان. ڕاشیگەیاندووە، "خوێندنەوە بۆ هەنگاوەکەى ترەمپ دەکەین و جێگەى سەرسوڕمانە هەنگاوەکەى ئیدارەى ترەمپ لەژێر کاریگەری دیکتاتۆرێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە." ساڵی 2012 و لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە مێژووی میسری نوێ و لەدوای کەوتنى دەسەڵات حوسنی موبارەک لەڕێگەى شۆڕشی گەلی میسرەوە، کۆمەڵەى ئیخوان موسلمین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و محەمەد مورسی بووە سەرۆک کۆماری میسر. بەڵام دواتر عەبدولفەتاح سیسی کە وەزیرى بەرگریی حکومەتەکەى مورسی بوو کودەتای بەسەر دەسەڵاتی ئیخواندا کرد و لە ساڵی 2013شدا، کۆمەڵەى ئیخوان موسلیم لە میسر خرایە لیستى تیرۆرەوە و ڕێوشوێنى ئەمنی توند لەدژیان گیرایەبەر و هەزاران بەرپرس و ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە خرانە زیندانەکان و ژمارەیەکیشیان لەسێدارەدراون. هەرزوو تورکیا کە حزبی دەسەڵادار هاوپەیمانێکى بەهێزی ئیخوان موسلمینە وەڵامی هەنگاوەکەى ئەمریکای دایەوە، عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکەپە ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆى زیادکردنی دوژمنایەتى دژی ئیسلام لە ئەوروپا و ئەمریکا و هاوکات دەستى دوژمنانی ئیسلام بەهێز دەکات. عومەر چەلیک وتیشى، "ئەو بڕیارە گورزێکی گەورە دەبێت بەرامبەر داواکاری دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."