گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی بارزانی و وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆنەبووەنەوە

2019.04.30 - 21:10
بۆچی بارزانی و وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆنەبووەنەوە
دوێنێ دووشەممە (29ی نیسانى 2019) مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیی لێکرا. وەزیری دەرەوەى تورکیا پێشتر سەردانی بەغدا و بەسرەى کردبوو، جیاواز لە بەرپرسە حکومییەکان، لەگەڵ چەند کەسایەتییەکى سیاسیی عێراقیدا کۆبووەوە. بەڵام لە هەرێم، مەولود چاوشئۆغڵۆ جیاواز لە سەردانەکەى پێشووی، تەنها لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانى جێگریی و مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەتى کابینەى داهاتوودا کۆبووەوە. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج بوو، چاوشئۆغڵۆ لەگەڵ مەسعود بارزانیدا کۆنەبووەوە، کۆنەبوونەوەى مەسعود بارزانی لەگەڵ چاوشئۆغڵۆ بێ هۆکار نییە، بەو پێیەى، سەرباری نەبوونی پۆستى حکومی، بارزانی لە بارەگا تایبەتەکەى خۆی لە پیرمام لەگەڵ سەرجەم ئەو بەرپرسە حکومیی و سیاسییانەى وڵاتانى دەرەوە کۆبووەتەوە کە سەردانی هەرێمیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونەکانى ناس کورد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەر سێ وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و فەڕەنسا و ئێران و جێگری سەرۆک وەزیرانى بەلجیکا و سەرۆکى پەرلەمانی عێراق و شاندی حکومەتی ئەمریکا و چەندین شاندی باڵای وڵاتان ئەوروپا سەردانی هەرێمیان کردووە و مەسعود بارزانی لە بارەگا تایبەتەکەى خۆی لەگەڵیان کۆبووەتەوە. هەر پێی بەدواداچوونەکانى ناس کورد، لە کاتی سەردانەکەى چاوشئۆغڵۆدا بارزانی لە هەرێم بووە، بەوپێیەى ڕۆژی یەکشەممە 28ی نیسانی 2019، واتە ڕۆژێک پێش سەردانەکەى چاوشئۆغڵۆ، بارزانی لە بارەگاکەى خۆی لە پیرمام پێشوازی له‌ ئه‌حمه‌د ئیبراهیم، كونسوڵی نوێی ئیمارات له‌ هه‌ولێر كرد کردووە و ڕۆژی سێشەممەش (30ی نیسانى 2019) پێشوازی لە شاندێکى حزبی هوداپاری تورکی کردووە. بەشێک لە چاودێران بۆشایی گەورەى نێوان بارزانی و بەرپرسانى تورکیا بۆ کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگێڕنەوە لە ساڵی 2017دا، ئەوکات ئەردۆغان و حکومەتەکەى زۆر بە توندی دژایەتى ڕیفراندۆمی هەرێمیان کرد، ئیتر لەو کاتەوە، بارزانی و هیچ بەرپرسێکى تورکی پێکەوە بە ئاشکرا کۆنەبوونەتەوە و بارزانیش سەردانی تورکیای نەکردووە. هەرچەندە لەکاتی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانى 16ی ئۆکتۆبەردا، تەنها تورکیا دژایەتى بارزانی نەکرد لە هەنگاوەکانیدا، بەڵکو بەشێکى زۆری بەرپرسانى عێراق و ئەمریکا و ئێران و وڵاتانى تر دژایەتیان کرد بەڵام دوای ڕیفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر بارزانی لەگەڵ وەزیرانى ئەمریکا و ئێراندا و چەند شاندێکی هەردوولا کۆبووەتەوە و بە تایبەتیش سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ تەواوی یار و نەیارانیدا کۆبووەوە. بۆیە بەڕای چاودێران، پێناچێت هۆکاری کۆنەبوونەوەى بارزانی و وەزیرى دەرەوە تورکیا پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە هەبێت.