گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەیرانى سوتانى سنەوبەرەکان هەوڵی کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى سوتاند

2020.09.30 - 11:26
قەیرانى سوتانى سنەوبەرەکان هەوڵی کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى سوتاند

ناس کورد-

زیاتر لە  20 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بایکۆتى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیان کرد بەو هۆیەشەوە کۆبوونەوەکە پەکیکەوت.

 

کەریم عەلى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى گۆڕان تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند، "زیاد لە 20 ئەندامى ئەنجومەن یاداشتێکماندا بەسەرۆکایەتى ئەنجومەن و داواى کۆبونەوەى نائاسایى ئەنجومەنمان لەسەر سوتاندنى دارسنەوبەرەکانى سلێمانى کرد بەئامادەبوونى بەرپرسانى ئیدارەى شارەکە".

 

وتیشى، "دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەن گوێى لەڕاى ئەندامانى نەگرت و ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکى نائاسایى بەبێ ئامادەبوونى بەرپرسانى پەیوەندیدار و ئیدارەى شارەکە سازکرا، ئێمەش وەکو ئەندامان لە تەواوى فراکسیۆنە جیاوازەکان بایکۆتى کۆبونەوەکەمان کرد و ئەنجامنەدرا".

 

لەبارەى ناوەڕۆکى داواکارى ئەندامان بۆ کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەنجومەنى پارێزگا، کەریم ئەحمەد وتى، "دوو پرسى سەرەکیمان دیاریکردبوو کۆبونەوەکەى لەسەر بکرێت یەکێکیان سووتاندنى دارسنەوبەرەکان و ئەو زیادڕەوییەى دەکرێتە سەر ئەو پارچە زەوییانە".

 

باسى لەوەشکرد، "لەسەر سوتاندنى دارسنەوبەرەکان داوامان کردووە پاریزگا و قایمقام و سەرۆکى شارەوانى و پۆلیسى دارستان و نوێنەرى داوکارى گشتى سلێمانى ئامادەى کۆبونەوەکە بن بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو ڕوداوە".

 

بۆ وەرگرتنى زانیارى زیاتر لەسەر ڕوداوەکە، ناس کورد پەیوەندى کرد بەسەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیەوە بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانى نەدایەوە.

 

بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەکانى ئەنجومەنەکە پێویستى بەپڕکردنەوەى نیسابى یاسایى کۆبونەوەکان دەبێت بە ئامادەبوونى پەنجا +یەکى ئەندامان واتا 16 ئەندام لەکۆى 31 ئەندامى ئەنجومەنەکە ئامادەبن و بەدەر لەو ڕیژەیە نیسابى یاسایى کۆبونەوەکان تەواو نابن.



لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا ، گرتەى ڤیدیۆى سوتاندنى ژمارەیەک دارسنەوبەرى سەر ڕیگاى تاسڵوجە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان بڵاو کرایەوە، لەلایەن ژمارەیەک لەپەرلەمانتارەوە باس لەوەکرا چەند بەرپرسێک دەیانەوێت دواى سوتاندنى دارسنەوبەرەکان ئەو زەوییانە بکەنە پڕۆژەى بازرگانى.