گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا تەنها 10 ڕۆژ مۆڵەتی داوە بە عێراق

2020.09.30 - 09:24
ئەمریکا تەنها 10 ڕۆژ مۆڵەتی داوە بە عێراق

ناس کورد-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەى "پەست و توڕەیە" لە هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی دووشەممەى بەغدا کە بووە هۆی کوشتنی پێنج کەسی مەدەنی و داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراقی دەکات هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ بە دیاریکردنی و بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و 10 ڕۆژ مۆڵەتی داوە بە عێراق.

 

بەپێی پێگەى ئێن بی سی نیوز و پۆلیتیکۆ، شیکەرەوەیەکى عێراقى ئاگادار لە بارودۆخەکە ڕایگەیاندووە، ماسیۆ تولەر، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق بەرپرسانى عێراقى ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمریکا زانیارى پێگەیشتووە لەبارەى جۆرێک لە هەڕەشەى ڕاستەوخۆ، کە ڕەنگە بە بارمتەگرتن لەخۆبگرێت.

 

شیکەرەوەکە کە ناوى نەهێنراوە دڵنیا نەبووە لەوەى هەڕەشەکە بۆ بە ئامانج گرتنى باڵیۆزخانەکە بووە یان ئەمریکییەکانى دەرەوەى باڵیۆزخانە.

 

زیاتر بخوێنەوە: لەدوای هێرشە موشەکییەکە.. کازمی بڕیارێکی بەپەلەی بۆ هێزەکان دەرکرد

 

باسى لەوەشکردووە، بەرپرسانى عێراقى 10 ڕۆژ مۆڵەتیان پێدراوە بۆ هەنگاونان دژى گروپە چەکدارەکان، یان ئەمریکا باڵیۆزخانەکەى دادەخات.

 

بەرپرسێکى عێراقى کە نەیویستووە ناوى بهێنرێت دەڵێت، "ڕووداوەکەى بەنغازى لە لیبیا کە باڵێۆزی ئەمریکای تێدا کوژرا هێشتا لەبیرى هەموو کەسێکدایە، بەڵام بەرپرسانى عێراقى شۆک بوون بە هەڕەشەکەى ئەمریکا".

 

دەشڵێت، "داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا واتە ئیدارەى ترەمپ گۆڕەپانەکە بۆ ئێران و بەکرێگیراوەکانى چۆڵ دەکات".

 

بەوتەى ئەو بەرپرسە، کارێکى نەگونجاوە لەماوەى ئەو 10 ڕۆژەدا ئەوە بەدیبێت کە ئەمریکا دەیەوێت بەبێ بینینى سەرجەم بارودۆخەکە، لەکاتێکدا دیبلۆماتکارانى ئەمریکى لە دۆخى زۆر سەختى دواى جەنگى 2003  و کاتى شەڕى دژى داعش لە عێراق ماونەتەوە.