گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە داتا و ئامار

حکومەتی هەرێم ’’بە دزییەوە 21 هەزار کەسی دامەزراندووە’’

2020.09.29 - 23:13
حکومەتی هەرێم ’’بە دزییەوە 21 هەزار کەسی دامەزراندووە’’

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا بە "پشتبەستن بە هەندێک ئامار و قسەی بەرپرسانی هەرێم" ڕایگەیاند، لە ساڵی 2017ەوە حکومەتی هەرێم "بە دزیەوە 21 هەزار کەسی دامەزراندووە،" و بەردەوام ژمارەی موچەخۆران زیاد دەکات.

 

ڕێبوار کەریم مەحمود، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، پێش بایۆمەتری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە ژمارەی موچەخۆران بە نزیکی  ملیۆنێک و 400 هەزار موچەخۆرە.

 

دەشڵێت، کە قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری تەواو بوو لەساڵی 2017 حکومەت وتی کە ژمارەی موچەخۆران بە نزیکی ملیۆنێک و 249 هەزار موچەخۆرە، "واتە بەهۆی بایۆمەترییەوە 151 هەزار موچەخۆر کەمیکردووە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژی 20ی کانونی دووەمی 2020  لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە ژمارەی موچەخۆران ملیۆنێک و 255 هەزار موچەخۆرە، "واتە لەماوەی نزیکەی دوو ساڵدا شەش هەزار و 500 موچەخۆر زیادیکردووە."

 

لە درێژەی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستووەتەڕوو، "ڕۆژی 6ی ئایاری 2020 شاندی هەرێم لە بەغدا بوو، لەگەڵیان کۆبووینەوە، لەوێ ئامارێکیان دا بە ئێمە و وتیان کە ژمارەی موچەخۆران یەک ملیۆن و 256 هەزار و 850 موچەخۆرە، واتە لە چوار مانگی یەکەمی 2020 هەزار و 350 موچەخۆری تر زیادیکردووە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژی 28ی تەموزی 2020،  لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا وەزیری دارایی هەرێم وتی کە ژمارەی موچەخۆران ملیۆنێک و 270 موچەخۆرە.

 

دەشڵێت: "هەفتەی پێشوو لەبەغدا لەگەڵ هەندێ کاربەدەستی حکومەتی عیراق کۆبوومەوە، سەرجەمیان وتیان ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەردەوام زیاد دەکات."

 

ڕێبوار کەریم ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەگەر دیقەت بدەن بەپێی ئەم ئامارانەی حکومەت بێت، بە بەردەوامی ژمارەی موچەخۆر زیادی کردوە، لە کۆتایی 2017ەوە تا کۆتایی مانگی تەموزی 2020، حکومەتی هەرێم نزیکەی 21 هەزار کەسی دامەزراندوە."

 

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەوەش سێ ئەگەرە کە ئەمانەن:

- یان حکومەت بە بەردەوامی و بەدەر لە ڕێنمایی و بە واستە خەریکی دامەزراندنی خەڵکە، ئەو گەنجانەشی کە چەندین ساڵە چاوەرێی هەلی کارن دەبێ زەقەی چاویان بێت.

 

- یان ئەم فەوزایە ئەو قسەیەمان پشتڕاست دەکاتەوە کە بەردەوام وتومانە حکومەت لیستی بایۆمەتری نییە و فەوزایە و هیچ کەس بە وەزیری داراییشەوە نازانێت ژمارەی موچەخۆران چەندە!

 

- یان هەردوکیانە، دامەزراندنی ژێربەژێر بەردەوامە و لەولاشەوە فەوزای نەبوونی لیستی بایۆمەتری موچەخۆرانە.