گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەواف ئەحمەد سوباح.. شوێنگرەوەى ’’میری مرۆڤدۆستی’’ کێیە؟

2020.09.29 - 23:00
نەواف ئەحمەد سوباح.. شوێنگرەوەى ’’میری مرۆڤدۆستی’’ کێیە؟

ناس کورد-

دواى ڕاگەياندنى كۆچى دوايى سوباح ئەحمەد جابر سوباحی ئەميرى کوەیت لە تەمەنی 91 ساڵیدا کە بە "ئەمیری مرۆڤایەتی" ناسرابوو، چاوەكان چوونە سەر شازادەى جێنشينى ئەو وڵاتە كە ناوى شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباحە.

 

لە مادەى چوارى دەستور و مادەى يەكى ياساى میراتگری ئيمارەتى کوەیتدا هاتووە، "کوەیت ئيمارەتێكى میراتگرییە لە نەوەكانى موبارەك سوباح"، هەروەها ماددەى چوارى ياساى شوێنگەرەوە دەڵێت، "ئەگەر پۆستى ئەمير چۆڵ بوو ئەوا شازادەى جێنيشتن پۆستەكەى وەردەگرێت".

 

بەهۆى ئەوانەشەوە تيشك خرايە سەر شازادەى جێنشينى کوەیت، كێيە؟

شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباح، براى ئەميرى كۆچكردووە بەڵام تەنها لە باوكەوە، كوڕى شەشەمى ئەميرى دەيەمى کوەیت شێخ جابر ئەحمەد سوباحە كە لە ساڵانى 1921 بۆ 1950 دەسەڵاتى ئەو کوەیتی بەدەستەوە بووە.

 

ماوەى 14 ساڵە پۆستى شازادەى جێنيشنى کوەیتی هەيە و لە ساڵى 2006 ئەميرى کوەیت بە فەرمانێك كردى بە شازادەى جێنشين، ئەوەش دواى هەفتەيەك لەوەى دەسەڵاتى کوەیتی گرتە دەست، هەروەها ئەندامانى ئەنجومەنى نەتەوەيى لە دانيشتنێكى تايبەتدا بەيعەتيان پێدا.

شێخ نەواف لە 25ی حوزەیرانی 1937 لە شارى كوەيت لەدايكبووە، لە ماوەى ژيانيدا چەندين پۆستى وەرگرتوە و يەكەم كاريشى پۆستى پارێزگارى "پارێزگاى حولى" بووە لەساڵى 1962 و ماوەى 16 ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە، دواتر لەساڵى 1978 بووە بە وەزيرى ناوخۆ و لەساڵى 1988يش پۆستى وەزيرى بەرگرى وەرگرتووە.

 

هەروەها دواى ئازادكردنى کوەیت لەساڵى 1991 و پێكهێنانەوەى حكومەتى کوەیتی، شێخ نەواف كرا بە وەزيرى كاروبارى كۆمەڵايەتى و كار، دواتر بووە جێگرى سەرۆكى پاسەوانى نيشتمانى لە ساڵى 1994، هەروەها لەساڵى 2003 جارێكى تر كرايەوە بە وەزيرى ناوخۆ، دواتر لەساڵى 2006 كرا بە شازادەى جێنشين.

 

شێخ نەواف لە کوەیت خوێندنى تەواو كردوە و هاوسەرى هەيە و چوار كوڕ و كچێكيشى هەيە، پێشبينى دەكرێت مەلەفى دەرەوە يەكێك بێت لە كارە لە پێشينەكانى ئەميرى نوێ.