گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەرکەوتنی ئارین و ئیدریس، گەڕێکى تری میراتگریی نەوەى چوارەمی بارزانییەکان

2019.04.30 - 19:37
App store icon Play store icon Play store icon
دەرکەوتنی ئارین و ئیدریس، گەڕێکى تری میراتگریی نەوەى چوارەمی بارزانییەکان

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- بڵاوبوونەوەى وێنەى بەشداریکردنی ئارینی کوڕی مەسرور بارزانی لە مەراسیمی یاریی کۆتایی خولێکى تۆپی پێ لەڕیزی پێشەوە و بەبێ بوونی هیچ پۆستێکى حزبی و حکومی، هاوشان لەگەڵ جێگری سەرۆکى پەرلەمان و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و پارێزگاری هەولێر، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و پەردەی لەسەر ململانێی نەوەیەکی دیکەی بارزانییەکان هەڵدایەوە. ئارین مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی کە تەمەنی لەنێوان 16 بۆ 17 ساڵدایە دەموچاوێکى دیکەى بارزانییەکانە کە نوێنەرایەتى و میراتگیری مەسرور بارزانی باوکیەتی. دەسەڵاتى بارزانییەکان لەدوای مەسعود بارزانی، بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون کە هەریەکەیان نەوەى کوڕێکى مستەفا بارزانییە، بەرەى یەکەم نێچیرڤان ئیدریس بارزانییە و ئەوەى تریان مەسرور مەسعود بارزانییە کە لەئێستادا یەکەمیان کاندیدی پارتییە بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم و دووەمیشیان کاندیدە بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێم. بەوپێیەى، براکانى مەسعود بارزانی، سیداد (به‌رپرسی نوسینگه‌ی مه‌سعود بارزانی)و سیهاد (فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یەک) و نیهاد و دڵشاد (نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له ئه‌ڵمانیا) و وەجیە (دامەزرێنەری لەشکری تایبەتى یەک) یان پشتگیری و تێکەڵاوی یەکێک لەو دوو بەرەیە دەکەن، یاخود ئیمتیازێک یان پۆستێکى حزبی و سەربازییان پێدراوە. جیاواز لە مەسرور بارزانی، دوو کوڕی تری مەسعود بارزانی، مەنسور و مستەفا، هەرچەندە پشتگیری برا گەورەکەیان دەکەن، بەڵام بۆ خۆیان پێگەیەکى بەهێزیان هەیە لەناو حزبدا. مەنسور مەسعود بارزانی ئێستا فەرماندەی لەشکری پێشمەرگەی تایبەتی یەک و گوڵانە و بەشدارییەکى کارای هەبووە لە شەڕی داعشدا لە بەرەکانى موسڵ، کوڕەکانیشى تاڕادەیەک دەردەکەون بە تایبەت لە کەرتی سەربازی و ڕوبەڕوبوونەوەى تیرۆردا، بەپێی بڵاوکراوەکانی سێ کوڕەکەى مەنسور (یاسر و ناسر و دارڤان) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەیانەوێت وەک باوکیان زیاتر بە بواری سەربازی و ئەمنییەوە سەرقاڵ بن. بەڵام مستەفا مەسعود مستەفا بارزانی کە کوڕی بچوکی مەسعود بارزانییە و بەهۆى ناوەکەیەوە نازناوی "بابۆ"یان لێ ناوە، کار بۆ بەهێزکردنی پێگەى دەکرێت لەناو پارتیدا، بەپێی چەند گێڕانەوەیەک، مەسعود بارزانی زۆر بە جیاواز تەماشای دەکات و زۆریش خۆشی دەوێت، ئەو بەشداری زۆرێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکات و نوێنەرایەتى باوکی دەکات، لە مانگی ئەیلولی 2017دا، بەبێ هیچ پۆستێکى حکومی، لەگەڵ باوکیدا بەشداری کۆبوونەوەیەکى گرنگی کرد لەگەڵ هاوپەیمانان.   جیاواز لە کێبرکێی و ناکۆییەکانى نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەسەر وەرگرتنى میراتی و سەپاندنی دەسەڵات و دروستکردنی دەستوپێوەند و دامەزراندنی ڕێکخراوی گەورە و دەزگای ڕاگەیاندنی تایبەت، لەئێستادا هەردوولا کار بۆ گەورەکردن و ئامادەکردنی کوڕەکانیان دەکەن وەک شوێنگرەوەیەک، نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەى ئیدریسی کوڕیەوە و مەسرور بارزانیش لەڕێگەى ئارینی کوڕییەوە. لەم ڕووەوە، نێچیرڤان بارزانی زۆر زووتر لە مەسرور بارزانی هەوڵی خۆی داوە، دەرکەوتن و ئامادەکاری بۆ دروستکردنی کەسایەتى ئیدریس کوڕی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013، بەڵام ساڵی ڕابردوو (2018) بۆ یەکەمجار ئارینی کوڕی مەسرور بارزانی لە ڕیزی پێشەوەى کۆنفڕانسی ساڵانەى زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دەرکەوت لەکاتێکدا چەندین بەرپرسی حکومی و ئەکادیمی لەڕیزی دواوەوە دانیشتبوون.   ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بەبێ ئەوەى خاوەنی هیچ پۆستێکى حکومی و حزبی بێت، لە زۆرێک لە بۆنە و ڕێوڕەسمە حکومییەکاندا وەک بەرپرسێکى باڵای حکومی بەشداری دەکات و زۆرجاریش وەزیرى و بەرپرسە حکومییە باڵاکان لە پشتی ئەوەوە دەردەکەون. چاودێران و شارەزایان دەڵێن، مەبەست لە بەشداریکردن و هێناپێشەوەیان بەو تەمەنە کەمەوە بۆئەوەیە لە ئەتەکێتى دیپلۆماسی و هونەرى بەڕێوەبردن شارەزاببن و لەناو خەڵکدا بناسرێن. ئارین مەسرور بارزانی جیاواز لەوەى هەژمارەکەى لە توڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام ڤێریفای کراوە، هاوکات چەندین هەژمار کراونەتەوە بۆ پشتیوانى ئارین و دروستکردنی کەسایەتییەکەى، بۆ نمونە (فیداییت ئارین بارزانی، شازادە ئارین مەسرور بارزانی ، لاینگرانی ئارین مسرور بارزانی) کە سەرجەمیان زۆربەیان ساڵی 2018 واتە لەگەڵ دەرکەوتنى ئارین لە ڕێوڕەسم و بۆنەکانە فەرمییەکاندا دروستکراون بەڵام ئەوە ئاشکرا نییە ئاخۆ ئەو هەڵمەتە لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەدەچێت یاخود لایەنگرانى هەژمارەکانیان دروستکردووە. هەوڵدەدرێت ئارین وەک دامەزرێنەر و هەڵسوڕێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی بناسێنرێت، چەند جارێک سەردانی دەزگای کردووە و لەلایەن سەرۆکى دەزگاکەوە پێشوازی لێکراوە. لەڕوی زیادکردنی هەژمون و دروستکردنی دامەزراوەکانەوە، مەسرور بارزانی خاوەنی کەنای ئاسمانی کوردستان 24 و زانکۆی ئەمریکی-دهۆک و دەزگای خێرخوازی بارزانییە، نێچیرڤان بارزانیش خاوەنی کەناڵی ئاسمانی ڕووداو و زانکۆی کوردستان و دەزگای ڕوانگەیە. ئیدریس نێچیرڤان بارزانیش لە چەندین بۆنەى گرنگدا وەک بەرپرسێکى گەورە مامەڵەى کردووە و لە ڕیزی پێشەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکاندا دانیشتووە. ئەو خاوەنی دەزگای ڕوانگەیە کە کاردەکات بۆ پێگەیاندن و ڕاهێنانی گەنجان و بەهۆى پێگەى باوکییەوە، چەندین فەندی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ پڕۆژەکانى لە کوردستان.