ناس کورد-
بڕیاره سبهینێ چوارشەممە ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان كۆبوونهوهی ههفتانهی خۆی ئهنجام بدات و پرسی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستانیش یهكێك دهبێت له تهوهره سهرهكییهكانی كۆبوونهوهکە.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە پەیجی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: " بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران تایبەتە به کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بۆ ئەو مەبەستە و لەسەر بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەت پڕۆژەیەکمان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە."
خالید شوانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و دانشتووانەکەی ڕوبەڕوی قۆناغێکی دژوار بوونەتەوە و سیاسەتی تەعریب لە ناوچانە جێبەجێ دەکرێت، ڕێگریگرتن لە تەعریب و پاراستنی مافی کوردستانیانی ئەم ناوچانە ئەرکێکی نەتەوەی و نیشتمانیە."
پێشتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەت لە سنوری پارێزگای کەرکوک کە "بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە."
زیاتر بخوێنەوە: ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە.. ’’ئیتر قبوڵی ناکەین’’
هەر دوای ئەوە، وەزارەتى دادى عێراق بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانى دەرکرد کە لە چوارچێوەى سیاسەتى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچە کیشەلەسەرەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و هەروەها لەناو پارێزگاکانەوە کراوە کە دەکەونە سنورى ناو کێشەلەسەرەکانەوە.
زیاتر بخوێنەوە: حکومەتى عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کوردی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دا