گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا لەبارەى گواستنەوەى باڵێۆزخانەکە بۆ هەولێر

2020.09.29 - 22:03
لێدوانی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا لەبارەى گواستنەوەى باڵێۆزخانەکە بۆ هەولێر

ناس کورد-

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند، "هیچ پلانێکمان نییە بۆ گواستنەوەى باڵیۆزخانە لە بەغدای پایتەختەوە بۆ هەولێر" لە هەرێمی کوردستان.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی ئەیلولی 2020، ستیڤین هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەنگۆی گواستنەوەى باڵێۆزخانەی وڵاتەکەى بۆ هەولێر ڕەتکردەوە و وتی، "هیوادارم هاوکاری و پشتیوانی زیاتری دامەزراوە حکومییەکانی عێراق بکرێت."

 

هیکی جەختیکردەوە کە "پێویستە بۆردومانی سەر نێردە دیبلۆماسییەکان بوەستێنرێت."

 

لێدوانەکەى هیکی لەکاتێکدایە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە كە واشنتۆن ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ كشاندنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت عێراق بكاتە گۆڕەپانی بەریەككەوتنی سەربازیی ئەمەریكا و تاران.  

  

ئاژانسەكە ئەمڕۆ (سێشەممە، 29 ئەیلوولى 2020) لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سەربازییەوە ئەوەی خستووەتەڕوو كە كشاندنەوەی تیمی دیبلۆماسی ئامادەكاریی و دەسپێكی پرۆسەیەكی سەربازییە دژی ئێران و باڵەكانی لە عێراق.  

  

دوو بەرپرسی عێراقی و دوو دیبلۆماسی رۆژئاوایی ئەوەیان بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست كردوەتەوە كە لە رۆژی یەكشەممەوە ئەمەریكا ئامادەكاریی كردووە بۆ كشاندنەوەی تیمی باڵیۆزخانەكەیی و ئامادەن ئەگەر فەرمان دەركرا.  

  

لەوەڵامی پرسیارێكیشیدا لە یەكێك لە دیبلۆماتكارانی رۆژئاوا لەبارەی ئەوەی لەپاش داخستنی گریمانكراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟ وتویەتی "گورزی سەربازی".  

  

ئەم پێشهاتە بەدوای ئەوەدا دێ لەماوەی رابردوودا سوپای ئەمەریكا رایگەیاند، ژمارەی سەربازەكانی لە عێراق لە 5200 سەربازەوە كەم دەكاتەوە بۆ 3000.  

  

بەمدواییانە عێراق بووەتە گۆڕەپانی بەریەككەوتنی لایەنگران و شوێنكەوتەكانی ئێران و پێگە و سەربازانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە هەردووكیان پەیوەندی جۆراوجۆر دەیانبەستێتەوە بە حكومەتی بەغدا، ئەمەش وایكردووە هەمووكات پاڵێوراوبێت بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕی وەكالەت بەتایبەت پاش ئەوەی سەرەتای 2020 وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كردە ئامانج.  

  

هاوکات بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دامەزراوەی گاڵوپ، پێنج سیناریۆ دەخاتەڕوو لەبارەی ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا و عێراق لەبەر ڕۆشنایی ئەو گرژییانەی بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا هاتووەتە كایەوە.  

  

لە شیكارێكدا كە مونقیز داغر، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراوەی گاڵوپ و توێژەری پێشكەوتوو لە پەیمانگای واشنتۆن بڵاویكردووەتەوە، ئەم ئەگەر و پێشهاتانەی خوارەوە بۆ دەنگۆی بەریەككەوتنی عێراق و ئەمەریكا خراونەتە ڕوو:  

  

یەكەم: چڕكردنەوەی هێرشی ئاسمانی و چالاكی هەواڵگریی كە هەم هێرشبەران دەمكوت دەكات و هەمیش پاڵپشت دەبێت بۆ ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان.   

  

دووەم: داخستنی باڵیۆزخانە (ئەگەری بەهێزە) لەگەڵ هێشتنەوەی پەیوەندییەكی ئاسایی لەگەڵ حكومەتی كازمی و لە دۆخێكی تووڕەیی دیبلۆماسی، لەم كاتەشدا قورسایی ئەمەریكی دەچێت بەرەو هەولێر، هەموو ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی قوربانی ئەمەریكی و ناردنی پەیامی جۆراوجۆری توند.   

  

سێیەم: داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا و ئەژماركردنی عێراق و عێراق بەیەك پاكێج وەك عێراقی پاش 1991 ئەمەش سەرەنجام ئەبێتە هۆی داخورانی عێراق.   

  

چوارەم لەوانی تر مەترسیدارترە و تێكەڵەیەكە لە بژاردەكانی تر كە هێرشی سەربازی و بایكۆتی ئابوری و دیبلۆماسی لەخۆدەگرێت لەگەڵ دروستكردنی گەلەكۆمە لە عێراق.   

  

پێنجەم: بژاردەیەكی گەشبینانەیە كە ئەمەریكا و حكومەتی كازمی بەهاوكاری هێزە سیاسییەكانی تر كۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بكەن و بەسەر هێرشبەراندا زاڵ بن تا ئەوەندەی كازمی دەتوانێت گفت و بەڵێنەكانی خۆی بەسەر ببات لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و قوتاركردنی عێراق لە قەیرانی سەختی دارایی.