گه‌ڕان

Shadow Shadow

کێشەی نەگۆڕنە قەرەباخ و چارەنووسی کوردانی کەفکاز

2020.09.29 - 21:42

جەبار قادر

ناس بیروڕا-

لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی تر کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکاندا لە دەوروبەری نەگۆڕنە قەرەباخ سەریان هەڵدایەوە، باری نەشەڕ و نەئاشتی چارەکە سەدەی ڕابردوو گۆڕا بۆ پێکدادان و خوێنڕشتن. وا زیاتر لە سی ساڵە کێشەی نەگۆڕنە – قەرەباخ لە نێوان ئەرمەنستان و ئازربایجان بەبێ چارەسەری ماوەتەوە. لە شەڕ و پێکدادانی هەردوولادا کوردانی هەردوو وڵات زیانی زۆریان بەرکەوت و زۆربەی هەرە زۆریان ئاوارە و لانەواز بوون. لێرەدا و بۆ تێگەیشتن لە پرسەکە ئاماژە بە هەندێ وێستگەی مێژوویی ئەم کێشەیە دەکەم.

 


لە سەردەمی سۆڤییەتیدا نەگۆڕنە – قەرەباخ، کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی ئەرمەن بوون، وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە نێو خاکی کۆماری ئازربایجاندا بوو. ئەرمەنەکانی ئەم ناوچەیە دەسەڵاتی ئازەرییان پێ ناخۆش بوو و هەمیشە حەزیان دەکرد ببن بە بەشێک لە کۆماری ئەرمەنستان. هەرچەندە لە سەردەمی سۆڤییەتیدا ڕێگە بە باسی لەو جۆرە نەدەدرا، لە گەڵ ئەوەشدا ئەرمەنەکان هەر دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەتبا داوای ئەمەیان دەکرد و چەند جارێک بە دەیان هەزار ئیمزایان بۆ ئەو مەبەستە کۆکردەوە، بەڵام ئازەرییەکان هەمیشە لە دژی ئەو داخوازییە دەوەستانەوە و مۆسکۆیان ناچار دەکرد پشتگوێی بخات. مۆسکۆ نەک هەر بۆ ڕاگرتنی دڵی ئازەرییەکان ئەم کارەی دەکرد، بەڵکو زۆر جار لەم پرسەدا حیسابی بۆ پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیاشدا دەکرد.


ئەرمەنەکان خاوەندارێتی خۆیان بۆ ئەم ناوچە شاخاوییە، کە لە کۆندا بە "ئارتساخ" نێوی دەبرا، دەبەنەوە بۆ زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، واتا بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری ئورارتو(سەدەکانی ٩ – ٦ پ. ز). بەڵگەی مێژووییان بۆ ئەم بۆچوونەیان نووسینەکانی سترابۆ، پلوتارخ، پلینی و دیۆس و گەلێ نووسەرانی تری کۆنی یۆنان و ڕۆمانەن کە ئاماژەیان بەوە کردووە. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەو ناوچەیە و هەموو کەفکاز وەک بەشێک لە ئیمپراتۆری ساسانی، عەرەبی ئیسلامی و هەندێ مێرنشینی سەربەخۆی سەردەمی عەبباسی دەکەن، تا لافاوی هۆزە کۆچەرەکانی تورک و مەگۆل دەدەن بەسەر کەفکازدا، دەبنە هۆی وێرانکاری زۆر و بەشێکیشیان لەم ناوانە نیشتەجێ دەبن. وڵاتانی ئەمڕۆی کەفکاز ئەرمەنستان، ئازربایجان و گورجستان لە مێژووی دوور و درێژیاندا بەر هێڕش و پەلاماری گەلێ هێز و سوپا کەوتن. لە دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا سوپای عەرەب لە پەیدابوونی ئیسلامەوە تا دەگاتە کۆتایی دەسەڵاتی عەباسی، لە دوای ئەمانەش هێڕشی هۆزانی تورکی سەلجوقی و مەگۆلی و عوسمانی، هەروەها دەوڵەتی سەفەوی و قاجاری تا لە کۆتاییدا لە سەدەی نۆزدەهەم لە دوای پەیماننامەی گوڵستان ١٨١٣ لە نێوان ئێرانی قاجاری و ڕووسیادا دەبنە بەشێک لە ئیمپراتۆری ڕووسیای تساری. بە درێژیی سەدەی نۆزدەیەم و تا شۆڕشی ئوکتۆبەر هەموو کەفکاز هەرێم و ناوچەی ئەم دەوڵەتە پان و بەرینە بوو. کێشەکە لە ڕووخانی ئەم دەوڵەتەوە لە ساڵی ١٩١٧ دەستی پێکرد و لە گەڵ پەیدابوونی سێ دەوڵەتی نوێ لە کەفکاز (ئەرمەنستان، ئازربایجان و گورجستان) پەرەیسەند و بوو بە پرسێکی گەرمی نێوان ئەرمەن و ئازەری.


دانیشتوانی ئەرمەنی نەگۆڕنە قەرەباخ لە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەر زوو کەوتنە خۆیان، یەکەمین کۆنگرەی خۆیان بەست و وەک قەوارەیەکی کارگێڕی سیاسی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیاند. لە ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٠ هەموو ئامراز و دەزگاکانی دەوڵەتداری لەم هەرێمە هەبوون وەک سوپا و دەسەڵاتی قانووندانان. بەڵام وەڵامی کۆماری دیموکراتی ئازربایجان هێڕشی سەربازی بوو بۆ سەر ئەم ناوچەیە هەڵبەتە بە پشتگیری بەهێزی تورکیا. لە ئەنجامی ئەم هێڕش و پەلامارانەدا کوشتن و وێرانکاری زۆر لە هەرێمەکە بە دەستی سوپای ئازەری و تورک ڕوویاندا. لە گەڵ ئەوەشدا ئەرمەنەکان خۆیان نەدا بە دەستەوە و ئازەرییەکان ناچار بوون لە سەر ئەوە ڕێکبکەون کە کێشەکە لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس چارەسەر بکرێت. هەوڵەکانی ئازربایجان بۆ ئەوەی ببێ بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان سەریان نەگرت، هۆکارەکەشی لە تەک ئەوەی سنوورەکانی ئەم کۆمارە ڕوون نەبوون و کێشەی نەگۆڕنە قەرەباخیش یەکێ لە هۆکارەکان بوو. کاتێ بەلشەڤییەکان لە کەفکاز دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئیدی ئەم کێشەیە ڕوو بە ڕووی ئەوان کرایەوە و بە پێی ئەو سیستەمەی لە دەڤەرەکانی تری ڕووسیا پەیڕەویان کرد، هەوڵیاندا لێرەش هەمان مۆدێل جێبەجێ بکەن و لە ئابی ١٩٢٠ هێزی سوپای ڕووسیا بە ڕێكکەوتن لە گەڵ کۆماری ئەرمەنستاندا لە نەگۆڕنە قەرەباخ جێگیر بوو.


لە ٤ تەمموزی ١٩٢١ نووسینەگەی کەفکازی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیا(بەلشەڤی) بڕیاریدا ئەم ناوچەیە بخاتە سەر کۆماری ئەرمەنستان. بۆ ئەمە دەبوایە کۆمیتەی ناوەندی حیزب لە مۆسکۆ بڕیاڕکە یەکلابکاتەوە، ئەویش بڕیاری دا نەگۆڕنە قەرەباخ لە چوارچێوەی ئازربایجاندا بهێڵێتەوە بە مەرجێک هەرێمەکە خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی فراوان بێ. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوەی بەلشەڤییەکان بۆ ئەوە بووە خۆیان لە بزووتنەوەی کەمالی لە تورکیا نزیک بکەنەوە. ساڵی ١٩٢٣ ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەگۆڕنە – قەرەباخ دامەزرێنرا و پایتەختەکەی شاری خانکێندی بوو( دواتر کرا بە ستپانەکێرت). شایانی باسە کە هەر لەو کاتەدا قەزای کوردستانیش، کە بە کوردستانی سوور نێوی ڕۆیشتووە، بە تەک نەگۆڕنە قەرەباخەوە بڕیاری لە سەر درا و لاچین کرا بە ناوەندەکەی. لە بارەی کوردستانی سوورەوە لە کاتی خۆیدا وتارێکی تایبەتم بڵاوکردەوە، بۆیە لێرەدا ئەوەندە باسی دەکەم کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێ.


لە کاتی ڕاگەیاندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەگۆڕنە – قەرەباخ پانتاییەکەی ٤١٦١ کم٢ بوو و بە پێی سەرژمێری ساڵی ١٩٢٦یش ژمارەی دانیشتوانی ١٢٥٢٠٠ کەس بوو کە ٨٩٪ ئەرمەن بوون (سەرچاوە ئەرمنییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی ئەرمەن ٩٤٪ هەموو دانیشتوان بوو).


لە ئەنجامی شەڕەکانی دەسپێکی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو ئەرمەنەکان خاکێکی زۆریان داگیر کرد و پانتایی کۆماری دانپێدانەنراوی "ئارتساخ – ناوە ئەرمەییەکەی نەگۆڕنە قەرەباخ) ئێستا ١١٥٠٠کم٢، واتا نزیکەی سێ ئەوەندە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی سەردەمی یەکێتیئ سۆڤییەت. ژمارەی دانیشتوانیش بە پێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسە.


لە کاتی خۆی ئازەرەییەکان، وەک هاوڕەچەڵەکە تورکەکانیان، هەوڵی زۆرکردنی ژمارەی دانیشتوانی ئازەرییان لە دەڤەری ئەرمەنەکاندا دەدا، بەڵام لە گەڵ هەڵگیرسانی شەڕدا ئەرمەنەکان هەرچی ئازەری و کوردی موسوڵمان هەبوون لە نەگۆڕنە قەرەباخ و لە ئەرمینیاش دەریان کردن. ئازەرییەکانیش بە هەمان شیوە ئەرمەنەکانیان لە ناوچەکانی خۆیان دەرکرد. لەو بەینەدا ئازەری گەڕانەوە بۆ ئازربایجان و ئەرمەن بۆ ئەرمەنستان یا بۆ نەگۆڕنە قەرەباخ، هەرچی کورد بوو سەرگەردان و ماڵوێران بوون و نەیاندەزانێ بۆ کوێ سەری خۆیان هەڵگرن و بە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەتی جاراندا بڵاوەیان لێ کرد.


بە هۆی زۆرکردنی ڕێژەی ئازەرییەوە لە دوا ساڵانی تەمەنی یەکێتی سۆڤییەتدا ڕێژەی ئەرمەن لە ناوچەکە لە کەمیدا. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٩ ڕێژەیان دابەزی بۆ ٧٦،٩٪ دانیشتوان. ئەرمەنەکان ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە زۆر ئەرمەن بە هۆی چەوسانەوە و جیاکارییەوە ناچار دەبوون نەگۆڕنە قەرەباخ بە جێبێڵن و ڕوو لە ئەرمەنستان بکەن. حەیدەر عەلییەف کە لە ساڵانی ١٩٦٩ -١٩٨٢ سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ئازربایجان بوو دانی بەوەدا ناوە کە هەوڵی داوە هاوسەنگی دانیشتوان بە قازانجی ئازەرییەکان بگۆڕێ. بۆ کوردی ئازربایجان پرۆسەی بە تورک کردن زۆر خراپتر بوو، چونکە کاتی خۆی باس لە ٣٠٠ هەزار کورد دەکرا، کە لە ئەر،مەن زۆر زۆرتر بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ لە سەرژمێریییەکانی ئازربایجان ڕاگەیاندرا کە ئیتر کورد لەو وڵاتە نەماو. ڕەنگبێ پرسی هاوئایینی ڕۆڵی گەورەی لەمەدا بینیبێ و کوردیش لە هەموو ولاتان ئەوەی دەرخستووە کە زوو واز لە ناسنامە و زمانی خۆی دێنێ!.


لە ساڵی ١٩٢١ هەردوو کۆماری ئازربایجان و ئەرمەنستان لە یەک کاتدا ڕایانگەیاند کە نەگۆڕنە – قەرەباخ بەشێکی دانەبڕاوی خاکی هەر یەکێ لەمانە. دەوترێ کە ستالین داخوازی نووسینگەی کەفکازی پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیای ڕەتکردەوە و نەگۆڕنە – قەرەباخی لە نێو سنوورەکانی ئازربایجان هێشتەوە. ئەرمەنەکان ڕەخنەی ئەوە لە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان دەگرن کە بە درێژایی ئەو ساڵانە دەسکاری دیمۆگرافیای ناوچەکەیان کردووە و هەوڵیان داوە بە دواکەتوویی بیهێڵنەوە و سامانەکانی تاڵان بکەن. ئەرمەنەکان چەند جارێک داخوازی ئەوەیان لە ڕێگای پارتی کۆمۆنیستی ئەرمەنستانەوە کرد کە دەسەڵاتی سۆڤییەتی بەو بڕیارەیدا بچێتەوە و لە شەستەکان دوو جار بە دەیان هەزارئێمزا بۆ ئەم مەبەستە کۆ کرانەوە، بەڵام هەمیشە ڕەتدەکرایەوە.


لە گەڵ کرانەوەی یەکێتی سۆڤییەتدا لە سەردەمی دەسەڵاتی گورباچیۆفدا کە بە پیریسترۆیکا و گڵاسنەست ناوی ڕۆیشتووە، کێشەی نەگۆڕنە قەرەباخ وەک زۆر کێشەی تری ئەتنیکی و نەتەوەیی لە یەکێتی سۆڤییەتی جاران گڕ گرتەوە. لە تەمموزی ١٩٨٨دا ئەنجومەنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەگۆڕنە قەرەباخ داوایەکی ئاراستەی ئازربایجان و ئەرمەنستان کرد کە تێیدا داوای لێ کردبوون دانبنێن بە جیابوونەوە لە ئازربایجان و یەکگرتنەوە لە گەڵ ئەرمینیا. ئەرمەنستان پێشوازی لە بڕیارەکە کرد، هەرچی ئازربایجان بوو داخوازییەکەی ڕەتکردەوە و ئەوەی بە مافی ئەو ئەنجومەنە نەزانی. پرسەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی سۆڤییەت کرا کە لە ١٦ تەمموزی ١٩٨٨ لە پرسە کۆڵییەوە. هەرچەندە دەستووری یەکێتی سۆڤییەت مافی بڕیاردان لە چارەنووسی دابوو بە گەلانی خۆی، بەڵام لە بەر ئەوەی شتێکی ڕووکەشی بوو و کەس نەیدەوێرا داوای جیابوونەوە لەو دەوڵەتە بکات، بۆیە ڕێکارەکانی جیابوونەوە و یەکگرتنەوە بە ڕوونی دیاری نەکرابوون و کێشەکە وەک خۆی بە هەڵواسراوی مایەوە. ئازەرییەکان هەروا دەستەوئەژنۆ دانەنیشتن، بەڵکو ئەنجومەنی باڵای کۆماری ئازربایجان لە ١٥ ئەیلولی ١٩٨٩دا کۆمیتەی بەڕێوەبردنی تایبەتی ناگۆڕنە قەرەباخی هەڵوەشاندەوە و لە دوای دوو مانگیش ئەنجومەنی باڵای یەکێتی سۆڤییەت ئەو بڕیارەی پەسەند کرد.


لە ٣٠ ئابی ١٩٩١ ئازربایجان سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام بە فەرمی هەر لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤییەتدا مایەوە، چونکە وەک ئاماژەی پێکرا ڕێکارەکانی جیابوونەوە ڕوون نەبوون، هەرچەندە پرۆژەیەک لەم بارەیەوە لە ٣ نیسانی ١٩٩٠ دەرکرا بوو، تا یەکێتی سۆڤییەت بە خۆی لە ٢٥ دیسەمبەری ١٩٩١ بە یەگجاری هەڵوەشایەوە.


لە کۆتاییدا لە ٢ ئەیلولی ١٩٩١ لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوچەی نەگۆڕنە – قەرەباخ و ناوچەی شاومیان بڕیاردرا "کۆماری نەگۆڕنە – قەرەباخ" ڕابگەیەنرێ، کە تا ئێستا هیچ ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆماری ئەرمەنستانیشەوە دانی پێدانەناوە. ئەرمەنستان بە لەبەرچاوگرتنی قانوونی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر ئاستی دونیا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دانی بەو کۆمارەدا نەناوە کە بۆ خۆی دروستی کردووە.


بەشێکی زۆر لەو خاکەی ئەرمەنەکان لە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەگۆڕنە قەرەباخ داگیریان کرد بریتی بوون لەو خاکانەی کوردانی ئازربایجان لە سەری دەژیان و لە ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٢٩ ئویەزدی کوردستان (کوردستانی سوور)ی لە سەر دامەزرا بوو. ناوچەکانی لاچینی پایتەختی کوردستانی سوور ئەو ڕێڕيوە پێکدەهێنێ کە نەگۆڕنە قەرەباخ بە ئەرمەنستانەوە پێکەوە گرێدەدا، بۆیە هێزە ئەرمەنییەکان هەر زوو لە بەهاری ١٩٩٢ دا داگیریان کرد و بۆ بەهاری ساڵی داهاتووش ناوچەی کەڵبەجاریان گرت و لە ساڵی ١٩٩٣دا دەستیان بەسەر قوبادلیدا گرت. قەرەقیشڵاق، قەتورلین، کوردحاجی و مورادخانلی، بەم شیوەیە هەموو کوردستانی سووری مێژووییان داگیرکرد و یەک کورد و ئازەرییان لەو ناوچانە نەهێشت. هەرچی کوردانی ئەرمەنستان بوو کران بە دوو بەشەوە، کوردانی ئێزیدی کە هێڵرانەوە و وایان لێکرا باس لە کوردێتی خۆیان نەکەن، هەرچی کوردانی موسوڵمان بوون هەموو لە ئەرمەنستان دەرکران. بۆ نەگبەتی کوردانی ئەم دوو کۆمارە، کوردی موسوڵمانی ئەرمەنستان بەر پەلاماری ئەرمەن کەوتن لە هەردو کۆمارەکە و لە ئازربایجانی شیعەش کورد سوننە بوون، بۆیە لەوێش ژیانیان لێ تاڵ کرا و بە ناچاری زۆربەیان هەڵهاتن بۆ ڕووسیا و کۆمارەکانی ئاسایای نێوڕاست.