گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری مەترسیدار ئاشکرا دەکات

چوارەم ڕونکردنەوەی مەلا بەختیار لەسەر ’’کوشتنەکانی ناو شۆڕش’’

2020.09.29 - 20:59
چوارەم ڕونکردنەوەی مەلا بەختیار لەسەر ’’کوشتنەکانی ناو شۆڕش’’

ناس کورد-
مەلا بەختیار ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی لەسەر کاردانەوەکانی کتێبەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا وردەکاری و زانیاری زیاتری لەسەر بابەتێک بڵاوکردووەتەوە کە لە کتێبەکەیدا باسی کردووە، قسەی دیکەش لەسەر هەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دەکات.

 

مەلا بەختیار کە لەماوەی رابردوودا کتێبی لەبری بیرەوەری بڵاوکردەوە و کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕونکردنەوەیەکی دیکەی بەناونیشانی "ڕووداوه‌كان وه‌كو خۆیان باس بكرێن" بڵاوکردەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: مەلا بەختیار بەڵگەنامەیەكیتری كوشتنی بڵاوكردەوە

زیاتر بخوێنەوە: مەلا بەختیار داوای لێبوردن دەکات  

 

لەدوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (لەبری بیروەری) لە ناوەڕاستى ئەیلولى 2020، بەرپرسان و میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هێرشی زۆریان كردە سەر گێڕانەوەكانی مەلا بەختیار دەربارەی سەركردەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، بەمدوایانەش لەلایەن هەندێ فەرماندە و بەرپرسی ئێستا و پێشووی یەكێتیی نشیتمانییەوە ڕەخنە لە ناوەڕۆك و هەندێ گێڕانەوەی كتێبەكە گیراوە، لەپاش ئەو ڕەخنە زۆرانەش ئەمە چوارەم جارە مەلا بەختیار نوسەری (لەبری بیرەوەری) بە لێدوان و نووسین بەرگری لە گێڕانەوە و ناوەڕۆكی كتێبەكە بكات، یەكەمیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی و سێ جارەكەی تر بە نوسین لە پەیجی تایبەتی خۆی.

 

دەقی نوسینەکەى مەلا بەختیار:

رووداوه‌كان وه‌كو خۆیان باس بكرێن
یه‌كه‌م: له‌مه‌ڵبه‌ندی یه‌كدا، رێككه‌وتبوین كه‌ حزبی شیوعی به‌شێك نه‌بن له‌شه‌ڕی جود، له‌ناوچه‌ی به‌ركێو.. شارباژێڕی سه‌خت، سه‌ره‌ڕای فشاری حزبه‌كه‌یان له‌سه‌ریان، بێلایه‌ن مانه‌وه‌. له‌ناوچه‌ی قه‌راغدا، هێزێكی شیوعییه‌كان له‌ژێر فشاری مه‌كته‌بی سیاسیان، تاوانیان به‌رامبه‌ر سێ‌ شه‌هیدی یه‌كێتیی كرد، نه‌ك ئیدانه‌مان كرد، به‌ڵكو بڕیاریشماندا ده‌ست له‌و بكوژانه‌ بوه‌شێنین. به‌ڵام خۆیان بۆ شاره‌زوورو سورێن ده‌رباز كرد، دوایئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك خۆیان له‌قۆپی شارده‌وه‌.

دووه‌م: شه‌هید حه‌مه‌ پشته‌یی له‌گه‌ڵ من نه‌كه‌وته‌ بۆسه‌وه‌، من له‌سه‌ركردایه‌تی بووم.. له‌دۆڵی په‌رخ، رووبه‌ڕووی هێزێكی پارتی- حسك بوویه‌وه‌، ئازا بوو، خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ هه‌تا شه‌هید كرا.

سێهه‌م: ئه‌و ماوه‌یه‌ی شیوعییه‌كان له‌قه‌راغ بوون به‌فه‌رمانده‌یی (حه‌مه‌ قه‌راغی) نه‌م بیستووه‌، هیچ شه‌ڕێكیان دژی یه‌كێتیی كردبێت. زۆریان زیندوون، باقسه‌ بكه‌ن.

چواره‌م: وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌م.. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سته‌گه‌ری له‌ناو یه‌كێتیدا قوڵ بووبوو، وه‌كو به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕ، ده‌سه‌ڵاتماندا به‌مه‌ڵبه‌نده‌كانی پارێزگاكان كاندید بۆ وه‌زیری هه‌ڵبژێرن.

*هه‌ولێر- ده‌رباز كۆسره‌تیان هه‌ڵبژارد.
*كه‌ركوك-دكتۆر یوسف گۆرانیان هه‌ڵبژارد.
*دهۆك- خالید دۆسكییان هه‌ڵبژارد.
*سلێمانی- هێرۆخان، دكتۆر رێكه‌وتیان هه‌ڵبژارد.
*شاره‌زوور- مه‌حمودی حاجی ساڵحیان هه‌ڵبژارد.

پێنجه‌م: حه‌مه‌ ره‌شید.. مناڵه‌كانی مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو، خانه‌نیشینی باوكیان وه‌ربگرن. ئاشكرایه‌ كه‌ نه‌وشیروان كوشتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوشتنه‌كه‌ی ره‌وایی تیابوو، چونكه‌ به‌ به‌ڵگه‌ خه‌ڵكی به‌گرتنداو له‌سێداره‌ش دران. من وه‌كو شه‌هیدێكی غه‌در لێكراوی ئاڵای شۆڕش، له‌كتێبه‌كه‌مدا، ناوم نه‌هێناوه‌. نه‌شم نوسیوه‌ نه‌وشیروان غه‌دری لێكردووه‌.

شه‌شه‌م: سه‌باره‌ت به‌كاوه‌ی جیهاز.. ئاگادارنیم چۆن و له‌سه‌رچی كوژراوه‌؟ فه‌رموو راستییه‌كانی له‌سه‌ر باس بكرێ‌.

حه‌وته‌م: سه‌باره‌ت به‌ئاسۆ و هاوسه‌ره‌كه‌ی، فه‌رمون له‌ئاسایشی گشتی ئه‌وسا بپرسن، چۆن به‌فه‌رمانی مام جه‌لال.. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ گیران كه‌ ویستبویان من بكوژن.. كوژراون.. من ئه‌وكاته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بووم، ده‌سه‌ڵاتی بڕیاری كوشتنی كه‌سم نه‌بووه‌، هیچ گیراوێكیش به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی مام جه‌لال نه‌ده‌كوژرا.

هه‌شته‌م: ئاڵای شۆڕش.. سه‌دان كادرو ئه‌ندامی هه‌بوو، له‌دوا پلینیۆمی هه‌ولێر، پێش یه‌كگرتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، كه‌ زیاتر له‌ 400 كادرو ئه‌ندام ئاماده‌بوون، مامجه‌لال ‌و نه‌ژادی ئه‌حمه‌دی عه‌زیز ئاغا (جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان) ئاماده‌بوون. هه‌شبوون یه‌كگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی قبوڵ نه‌بوو، چه‌ند دڵسۆزێكیان چوونه‌ ناو پارتی، هه‌ندێكیش بێلایه‌ن دانیشتن، به‌ڵام سه‌دان ئه‌ندامی ئاڵای شۆڕش یه‌كگرتنه‌كه‌یان قبوڵ بوو. ئاهه‌نگی یه‌كگرتنه‌كه‌ش له‌یاریگای سلێمانی، كه‌سی تری نه‌ده‌گرت.. ئه‌وه‌نده‌ پێشوازی گه‌رمی لێكرا.

ئایا: حزب هه‌یه‌ ئه‌ندام‌و كادری، ئه‌م حزب‌و، ئه‌و حزبی نه‌كردبێ‌، دوو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، كه‌ مام جه‌لال پشتیوانی ده‌كردن، ئێستا لای پارتین. دوو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش، یه‌كێكیان له‌یه‌كم كۆنگره‌دا زۆرترین ده‌نگیشی هێنا، ئێستا پارتین. نیوه‌ی سۆسیالیست هاتنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی.. به‌شێكی چونه‌ ناو پارتی، به‌شێكی تریان، له‌ناو سۆسیالیستدا ماون. بۆچی (شه‌ش) كه‌سی ئاڵای شۆڕش چونه‌ته‌ ناو پارتی.. دیارن؟!

نۆیه‌م: بۆ شه‌ڕی كانی ژنان.. من هیچ ناڵێم، بیره‌وه‌ری حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عیدو مامۆستا پشكۆ بخوێننه‌وه‌، كاتی خۆی حه‌مه‌ ئاواتیش له‌سه‌ری نوسی، بزانن راستی رووداوه‌كه‌ چۆن بووه‌؟ له‌و شه‌ڕه‌دا چه‌ندین دیلیش گیران.. ده‌ست بۆ كه‌سیان نه‌براوه‌.

ده‌یه‌م: سه‌باره‌ت به‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: به‌چه‌ند كیلۆیه‌ك تی ئێن تی (7 دانه‌ ساڵ) چه‌ند تۆرباینێك په‌كی ناكه‌وێ‌، قسه‌ی ترم هه‌یه‌.. بابمێنێته‌وه‌.

یانزه‌هه‌م: ده‌رباره‌ی عه‌بدو.. چوار شاهێد ماون، یه‌كێكی مامۆستا ئه‌حمه‌دی زیندانه‌و له‌هۆڵه‌ندایه‌. ده‌زانێت چۆن په‌یوه‌ندی به‌ئیستخباراته‌وه‌ كردووه‌، بۆ كوشتنی من (80) هه‌زار دینار و خانویه‌كی بده‌نێ‌. شاهێدی دووه‌م، مامۆستا (به‌نده‌ر) كه‌ به‌وردی ئاگاداره‌، چۆن عه‌بدۆیان بردۆته‌ به‌غدادو چۆن چۆنیش به‌ڵێنیداوه‌ من بكوژێ‌. شاهێدی سێهه‌میش مامۆستا موحسینه‌، كه‌ له‌گه‌ڵمان بووه‌و ئاگاداری وردی رووداوه‌كه‌یه‌. شایه‌تی چواره‌میش ملازم عومه‌ره‌. كه‌ دوایئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه‌و تاوانی تریشی به‌سه‌ردا ساغده‌بێته‌وه‌.. به‌بڕیاری (مام جه‌لال، نه‌وشیروان، ملازم عومه‌ر) سزای شۆڕشگێڕانه‌ درا.

سه‌باره‌ت به‌حه‌مه‌ ئاوات-یش.. دوا بڕیارو دوا هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ من‌و یه‌كێتیدا.. ده‌هێڵمه‌وه‌ بۆ كاتێكی تر..

شاهێده‌كانیشم، ئه‌حمه‌د ‌و سه‌ڵاحی برای‌و مامۆستا پشكۆو شوفێره‌كه‌یه‌تی.. به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی حه‌مه‌ ئاوات له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بووه‌، من هه‌ر رێزم گرتووه‌و خزمه‌تیشم كردووه‌.