گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا لە ئەفریقا زانایانی توشی شۆک کردووە.. پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانە

2020.09.29 - 20:45
کۆرۆنا لە ئەفریقا زانایانی توشی شۆک کردووە.. پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانە

ناس کورد-

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵکشانی ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە لە ئەفریقیا بەروارد بە وڵاتانی تر کەمترە، زانایانیش هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ چەند گریمانەیەک.

 

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاویکردەوە، لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینی ئەوەی دەکرد پەتاکە لە کێشوەری ئەفریقیا سەرباری پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسەکە 300 هەزار کەس بە پەتاکە گیانلەدەست بدەن، بەڵام لە ئێستادا ئەو پێشبینیانە پێچەوانە بوونەتەوە وڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە لە ئەفریقیا 2.4 %دایە لە کۆی گشتی توشبووان بە نەخۆشییەکە کە نزیکەی ملیۆنێک و400 هەزارحاڵەتە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، "ڕێژەی مردن بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکای باکور 2.9 % لە وڵاتە ئەوروپییەکان 4.5 %، ئەوەش بەراورد بەرێژەی مردن بە پەتاکە لەوڵاتە ئەفریقییەکان جیاوازییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی ئەو وڵاتانە لەڕووی ژێرخانی تەندروستی وخزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە زۆرلە پێشترن".

 

بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەر" توێژەر و زانایانی جیهان هۆکارەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ ژمارەیەک فاکتەر، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی کێشوەرە ڕەش پێستەکە لە تەمەنی لاویدان، ئەوەش وادەکات سیستمی بەرگریی لەشیان بەڕگەی ڤایرۆسەکە بگرێت، هاوکات پێدەچێت بەکارهێنانی ڤاکسینی (سیل) بە بەربڵاوی لەو وڵاتانە هۆکارێکی تری ئەو پرسە بێت".

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان وڵاتە ئەفریقییەکان زیاتر دەرفەتی ئەوەیان هەبووە سود لە کەرەنتینەی گشتی وەربگرن، بەوپێەی هاووڵاتیان ئەو وڵاتانە کەمتربەهۆی هەژاری و کەمدرامەتییەوە دەرفەتی گەشتیان هەبووە بۆ وڵاتانی  دیکەی جیهان ".

 

زانایان جەختیان لەوەشکردووەتەوە کە "هاوڵاتیانی ئەفریقیا زیاتر دووچاری چەندها ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی بوونەتەوە کە ئەوەش وایکردووە بەرگریان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزتر بێت لە چاوی هاووڵاتیانی دیکەی جیهان".