گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکار و ئاماژە نهێنییەکانى دەرکەوتنى ئەبوبەکر بەغدادی چین؟

2019.04.30 - 18:47
هۆکار و ئاماژە نهێنییەکانى دەرکەوتنى ئەبوبەکر بەغدادی چین؟
ناس کورد- دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی ڕێکخراوی داعش بە ئاشکرا و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کارێکی دەگمەنە کە ئەوە دووەم دەرکەوتنێتى لە ساڵی 2014وە، گرتەکەى بەغدادی پەیامێک بوو تا لەڕێگەیەوە بڵێت ئەو هێشتا زیندووە و سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەی دەکات. ئاماژەیەکیشە بۆئەوەى ڕێکخراوەکەی هێشتا لە توانایدایە لەڕێگەى شانە نهێنی و نوستووەکانییەوە بەردەوام بن لە چالاکییەکانی. یەکەم دەرکەوتنى بەغدادی لە ساڵی 2014دا بوو کاتێک لە مزگەوتى (نوری) لە موسڵ دامەزراندنی "دەوڵەتی خەلافەت"ـی ڕاگەیاند، لەوەبەدواوە، بەغدادی تەنها دوو پەیامی دەنگی بڵاوکردووەتەوە. کوڵین کلارک لە ڕۆژنامەی"نیورک تایمز"دا نوسیویەتى، "بەغدادی ماوەیەکی زۆر ونبوو، پێدەچێت ئەم دەرکەوتنە ئاشکرایەی ئێستای ئاماژە بێت بۆ پێدانی ورە بە ئەندامان و چەکدارەکانی داعش و بڵێت هێشتا زیندووە، بەهەمان شێوە هاندانە بۆ گروپە نوستووە بچوکەکان کە جوڵە بکەن" بەغدادی دەیەوێت لایەنگرانی دڵنیابکاتەوە کە هێشتا لە لوتکەى دەسەڵاتدایە و جڵەوى ڕێکخراوەکەى لەدەستدایە، نەک تەنها لە سوریا و عێراق، بەڵکو بەشێوەیەکی فراوانتر. بەڵام لە ئێستادا هەلومەرجی ڕێکخراوەکە جیاوازە و هەلی زۆری لەبەردەستدا نییە و ڕونیش نییە ئەو گرتە ڤیدیۆییە ئاڕاستەى ڕێکخراوەکە بەرەو کوێ دەبات. گرتە ڤیدیۆییەکە لەلایەن دامەزراوەى ڕاگەیاندنی فورقان کە دامەزراوەیەکى سەر داعشە تۆمارکراوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا نوسراوە کە لە مانگی نیساندا گرتەکە تۆمارکراوە، بەغدادی باس لە چەند ڕووداوێکى جیهانی وەک سەرکەوتنى بنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل و کەوتنى هەردوو سەرۆکی جەزائیر و سودان دەکات، ئەوەش بەڵگەیە کە ڤیدیۆکە لەدوای کەوتنی عومەر حەسەن بەشیرەوە تۆمارکراوە کە بەنزیکەیی دەکەوێتە 9 تا 22ی نیسان، بەڵام هەرچەندە بەغدادی لە کۆتایی گرتەکەدا باسی تەقینەوەکانى سریلانکا دەکات بەڵام لەو خولەکەدا تەنها دەنگی بەغدادییە، ئەوەش مانایەی ئەوەیە گرتەکە پێش ڕووداوەکانى سریلانکا تۆمارکراوە و دواتر دەنگی بەغدادی خراوەتە ناو ڤیدیۆکە. داعش لە دوای دەرکەوتنی لە 2014دا و ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەى لەلایەن بەغدادیەوە لە موسڵ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەو کاتە ڕێکخراوەکە فراوانتربوو لەوەى کە تەنها کۆمەڵە چەکدارێک بن، سەرکردایەتی ناوچەیەکی فراوانی جیهانی دەکرد بە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەوەوە، ئەمەش بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەو بیرۆکەیە دەیان هەزار کەسی بۆ پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکە ڕاکێشا لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە کە دانیشتوانەکەی بەژمارەی دانیشتوانی وڵاتی بەڕیتانیا مەزەندە دەکران کە ڕوبەرێکی فراوانی لەسەر زەوی عێراق و سوریا هەبوو. ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز دەڵێت، "ئێستا ئەم دەوڵەتە کۆتایی پێهاتوە، بەغدادی زۆر بەڕوونی دان بە شکستی ڕێکخراوەکەیدا دەنێت لە باغۆز و ناوی هەندێک لەو سەرکردانەى ڕێکخراوەکەشی دەهێنێت کە شەڕیانکردووە، بەڵام پەیامێکى تازەى هەیە، ئەویش بەردەوامی شەڕە بەڵام بەشێوەیەکى جیاواز و هاوشێوەى ڕێکخراوی قاعیدە. بەغدادی بۆ شێوازی شەڕی داهاتووی ڕێکخراوەکەى وشەى (ئیسایفسازی) بەکارهێنا کە مەبەست لێی نمونەی شەڕی ڕێکخراوی قاعیدەیە لە ساڵانی 2005 تا 2008 لە عێراق کە بریتییە لە شەڕی (لێی بدە و ڕابکە) بە بەکارهێنانی گروپی چەکداریی بچوک بچوک و چەکدارخۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بۆیە دەرکەوتنى بەغدادی ئاهێک بە بەری لایەنگرانیدا دەهێنێتەوە و وەڵامی داواکارییەکەى بدەنەوە لە سەرانسەری جیهاندا. کەوتنى داعش لە عێراق و سوریا بەماناى تەواوبوونى مەترسی و هەڕەشەی ڕێکخراوەکە نایەت، هێشتا هەزارەها چەکدار و لایەنگری هەیە کە لە نێوان سوریا و عێراق بڵاوبوونەتەوە، هەرچەندە ناوچەکانى لەدەستداوە، بەڵام بەڵام شانەکانى لە دەرەوە فراوانتر بوون و لەئێستادا چەندین ئەندام و شوێنکەوتووی هەیە لە جیهاندا، تەقینەوەکانى سریلانکاش نمونەیەکن بۆ ئەوە چونکە ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارێتى تەقینەوەکانى لەئەستۆگرت. هیچ زانیارییەک نییە دەربارەی شوێنی مانەوەی بەغداد و ناشزانرێت پێنج ساڵی ڕابردووی چۆن بەسەر بردووە کە لەو ماوەیەدا زۆر بەدەگمەن دەردەکەوت، بەڵام چەنجارێک پەیامی دەنگی ئاڕاستەی ئەندامان و چەکدارانی ڕێکخراوەکەی کردووە، بە پێی زانیاری ڕۆژنامە ئەمریکییەکان کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریانگرتووە، پێدەچێت بەغدادی لە بیابانەکاندا بژی کە دانیشتوانیان کەمە و دەکەونە نێوان سنورەکانی عێراق و سوریا. چەند بەرپرسێکی هەواڵگیریی ئەمریکی و دژە تیرۆری عێراق دەڵێن، بەغدادی خۆی بەدور دەگرێت لە هەموو ئامێرێکى ئەلیکترۆنی کە ببنە هۆکاری دیاریکردن و ئاشکراکردنی شوێنەکەى، پێشتر ئەمریکا هێزی تایبەتی دەلتای ناردبوو بۆ کوشتنی بەغدادی و سەرباری چەندین هەواڵ و ڕاپۆرت لەبارەى کوژران و برینداربوونی، بەڵام بەهۆى ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە دەرکەوت کە هەموو ئەو هەواڵانە ڕاست نەبوون. بەراورد بە گرتە ڤیدیۆییەکەى لە ساڵی 2014دا، بەغدادی قەڵەوتر بووە و ڕیشی زیاتر سپی پووە و خەنەى کردووە، بچڕبچر و هێواش قسە دەکات، زوو زوو تەماشای کامێراکە دەکات، سێ کەس لە بەردەمیدا دانیشتوون و گوێیان بۆ گرتووە و دەموچاویان شاردراوەتەوە. هیشام هاشمی، شارەزای ئەمنی و ئاسایشی عێراقی دەڵێت، "بەغدادی هەوڵی دا لەڕێگەى باسکردنی ڕووداوەکانى سریلانکا و سعودیە ئاوێک بە توڕەیی و ئازاری ئەندامانی ڕێکخراوەکەی بدات کە لەپاش شکانیان لە باغۆز پێوەی دەناڵێنن. هاشمی دەشڵێت "بەغدادی دەستەواژەیەکى نوێی بەکارهێنا کە بریتی بوو لە (دورگەى محەمەد) کە لەوانەیە ئاماژەیەکی دیاریکراوی هەبێت، چونکە دەستەواژەى ناو ڕێکخراوە توندڕەوەکان بە ڕێکخراوی قاعیدەشەوە (دورگەى عەرەب) بوو کە ئەو دەستەواژەیە لە چەند فەرموودەیەکى پێغەمبەردا (د.خ) هاتووە، بەڵام بەغدادی چەند جارێک دەستەواژەى (دورگەى محەمەد)ی بەکارهێنا کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى بەکارهێنانی هۆکارێکى لە پشتەوەیە و لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ لایەنێکى دیاریکراوە."