گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێکی شاندی هەرێم چۆنیەتی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەى ساڵی داهاتوو ئاشکرا دەکات

2020.09.29 - 18:03
ئەندامێکی شاندی هەرێم چۆنیەتی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەى ساڵی داهاتوو ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەندامێكی شاندی كوردی لە لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو رایگەیاند، گفتوگۆكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بەردەوامن و دەشڵێت، بۆ جێگیركردنی پشكی ھەرێم لەو پڕۆژەیاسایەدا، پێویستە سەرەتا ھەرێم و بەغدا ڕێككەوتنی سیاسی بكەن.

 

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و ئەندامی شاندی كوردی لە لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند: "گفتوگۆكانمان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بەردەوامن و لە ئێستادا بۆ جێگیركردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان چاوەڕێ دەكەین ھەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی سیاسی بكە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ھەر كاتێك ڕێككەوتنی سیاسی كرا، ئێمەش ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داھاتوو تەواو دەكەین و لە ڕووی تەكنیكییەوە كاری بۆ دەكەین و بەشەبودجەی ھەرێم لە بودجەی ساڵی داھاتوودا جێگیر دەكەین". 

 

زاگرۆس فەتاح باسی لەوەشکردووە: "پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵیش، كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی دەبێت بۆ بودجەی ساڵی داھاتوو."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاوەكو ئێستا ڕێككەوتنی سیاسی نەكراوە و چاوەڕێ دەكەن كە ڕێككەوتنی سیاسی بكرێت، بۆ ئەوەی ئەوكات ئەوانیش كاری خۆیان تەواو بكەن.

 

ئەوەش  لەکاتێکدایە، پێویستە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و بەشەبودجەی هەرێمی بۆ ساڵی داهاتوو تێدا جێگیر دەکرێت، ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم و بەتایبەتی موچەخۆران دەبێت.