گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کشتوکاڵى هەرێم لە ناس کوردەوە وەڵامى بەغدا دەداتەوە

2020.09.29 - 15:59
کشتوکاڵى هەرێم لە ناس کوردەوە وەڵامى بەغدا دەداتەوە

 ناس کورد-

 وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم وەڵامى کشتوکاڵى عێراق دەداتەوە لەبارەى ڕادەستکردنى گەنم و رۆژنامەى کشتوکاڵییەوە.

 

حەمید نایف، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد، کشتوکاڵى هەرێمى تۆمەتبارکردبوو بەوەى نەیتوانیوە ئەو بڕە گەنمە رادەستبکات کە بەڵێنیداوە و پابەندیش نییە بە بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەکردنى بەروبومەوە.

 

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئێمە پلانى خۆمان رادەستى بەغدا کردبوو بۆ رادەستکردنى زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم، بەڵام ئەوان تەنها رەزامەندیان لەسەر وەرگرتنى 390 هەزار تۆن نیشاندا".

 

وتیشى "ئەوە راست نییە کەئێمە نەمانتوانیبێت ئەو بڕە گەنمە رادەستبکەین کە بەڵێنمانداوە، بەغدا رازى نەبوو کە سەرجەم گەنمى جوتیارانى هەرێم وەربگرێت".

 

لەبارەى پرسی رۆژنامەى کشتوکاڵییەوە، حوسێن حەمەکەریم وتى "ئێمەش دەمانەوێت ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا یەکبخەین و پێشتریش هەوڵمانداوە بۆ ئەو مەبەستە".

 

جەختیشیکردەوە، پرسی بەقاچاخ هاوردەکردنى بەروبومى کشتوکاڵى لەسەرجەم دەروازەکان هەیە بەوانەى عێراقیشەوە، ئەوەش کێشەیەکى سەرەکییە و پێویستە چارەسەر بکرێت.