گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێڵگەکان داواى جێگیرکردنى دەکەن

نرخى مریشک هەڵکشان و داکشانى خێرا بەخۆوە دەبینێت [تایبەت]

2020.09.29 - 15:49
نرخى مریشک هەڵکشان و داکشانى خێرا بەخۆوە دەبینێت [تایبەت]

ناس کورد-

نرخى مریشک لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان ماوەى چەند ڕۆژێکە هەڵکشان و داکشانى زۆرى بەخۆوە بینى، کێڵگە پەلەوەرییەکان داواى دیاریکردنى نرخەکەى دەکەن و حکومەتیش دەڵێت نرخ پەیوەندى بە بازاڕەوە هەیە.

 

لەچەند رۆژى ڕابردوودا نرخى کیلۆیەک مریشکى زیندوو بۆ سەرووى سێ هەزار دینار بەرزبووەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەى بۆ خوار سێ هەزار دینار دابەزیوە.

 

نازم عەبدوڵا، سەرۆکى کۆمەڵگەى کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "تا شەوى رابردوو نرخەکان بەرزبوو، بەڵام ئەمڕۆ رووى لە دابەزین کردووەتەوە".

 

وتیشى "ئێستا لە کێڵگەکان نرخى کیلۆیەک مریشکى ورد بە دوو هەزار و 100 دینارە، مریشکى گەورەش لەنێوان دوو هەزار و 200 بۆ دوو هەزار و 500 دیناردایە".

 

نازم عەبدوڵا پێشبینى کرد نرخى مریشک روو لە دابەزینى زیاتر بکات، ئەوەش بەهۆى زیادبوونى بەرهەمى کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە.

 

هەروەها هۆکارى هەڵکشان و داکشانى خێراى نرخى مریشکى گەڕاندەوە بۆ ئاستى بەرهەمى کێڵگەکان، رەوانەکردنى مریشک بۆ بازاڕەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق، خەرجى تێچوون.

 

بەوتەى خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمى کوردستان، بەرهەمهێنانى هەر مریشکێک لە کێڵگەکان دوو هەزار دینار خەرجى هەیە و داوا دەکەن نرخەکەى لەلایەن حکومەتەوە جێگیر بکرێت.

 

نازم عەبدوڵا وتى "داوا دەکەین نرخى هەر کیلۆیەک لەلایەن حکومەتەوە لەسەرووى دوو هەزار دینار دیاریبکرێت، پێویستە حکومەت هاوکارى کێڵگەکان بکات وەک پێدانى سوتەمەنى بە نرخى نیوە کە لەساڵى 2014 ەوە رایگرتووە".

 

باسى لەوەشکرد، بەهۆى کەرەنتینەى چەند مانگى ڕابردوو، بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەوە لەناو کێڵگەکان، 25 ملیار دینار زیان بەر کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە، هەرچەندە قەبارەى زیانەکە زۆر زیاترە.

 

لەهەرێمى کوردستان نرخى خۆراک و بەروبومەکان بەزۆرى لەلایەن حکومەتەوە دیاری ناکرێن، بەڵکو زیاتر پەیوەندى بە ئاستى خواست و خستنەڕووەوە هەیە، بۆیە بەردەوام نرخەکان هەڵکشان و داکشان بەخۆیانەوە دەبینن.

 

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هۆکارى گۆڕانکاریی لە نرخى مریشک پەیوەندى بە ئاستى بەرهەمى کێڵگەکان و رەوانەکردنیەوە هەیە بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق.

 

وتیشى "نرخ پەیوەندى بە بازاڕ و ئاستى خواست و خستنەڕووەوە هەیە، وەزارەت چاودێرى کێڵگەکان دەکات بۆ ئەوەى بەرهەمهێکى تەندروست بخەنە بازاڕەوە".