گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەى دابەشکردنى پارەى گەنمى جوتیاران دیاریکرا

2020.09.29 - 13:27
وادەى دابەشکردنى پارەى گەنمى جوتیاران دیاریکرا

ناس کورد- هەڤاڵ غالب

 

دواى رەزامەندى حکومەتى ناوەند بۆ خەرجکردنى پارەى گەنمى جوتیاران، سبەینێ چوارشەممە لە بەشێکى سایلۆکانى هەرێم چەکى پارەى گەنمى جوتیاران دابەشدەکرێت.

 

تا ئێستا دوو وەجبەى پارەى گەنمى ئەمساڵى جوتیاران بۆ هەرێم نێردراوە، وەجبەى یەکەم بڕەکەى هەشت ملیار دینارو وەجبەى دووەم ٢٨ ملیار دینار بووە، بەو شێوەیە پارێزگاى سلێمانى بە نزیکەیی ١٦ ملیار و هەولێر١٠ ملیار و دهۆک ١٠ ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە.

 

گەنمى وەرگیراو لە جوتیاران بۆ ئەم ساڵ ٣٩٠ هەزار تۆن بووە لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى سلێمانى بە (پارێزگاى هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین) وە  ١٦٥ هەزار تۆن و پارێزگاى هەولێر ١١٠ هەزار تۆن و پارێزگاى دهۆک ١١٥هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.

 

هێمن محەمەد، بەرێوەبەرى سایلۆى چەمچەماڵ بە ناس کورد ى راگەیاند "لەو بڕە پارەیەى بۆ پارێزگاى سلێمانى دانراوە، سایلۆى چەمچەماڵ ٢ ملیار و ٩٠ ملیۆن دینارى بەرکەوتووە و سبەى دەست بە دابەشکردنى چەکى پارەى گەنمى جوتیاران دەکەین لە سالۆى چەمچەماڵ".

 

وتیشى "سبەى چەکى ئەوجوتیارانە دەدرێت کە لە ١٥/٦ بۆ بەشێک لە ٢١ /٦ گەنمیان رادەستى سایلۆى چەمچەماڵ کردووە بۆیە داوا لە جوتیاران دەکەین سەردانمان بکەن و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن ".

 

بەرێوەبەرى سالۆى چەمچەماڵ ئاماژەى بەوەشکرد، لە سنورى قەزاى چەمچەماڵ هەزار و پێنج سەد جوتیار گەنمیان رادەست کردوە و ٢٦ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و تا ئێستا ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ خەرج کراوە .

 

هاوکات سبەى لە سایلۆى رانیە دەست بە دابەشکردنى چەکى پارەى گەنمى جوتیاران دەکرێت.

 

شەماڵ رەسوڵ، بەڕێوەبەرى سایلۆى رانیە بە ناس کورد ى راگەیاند  "سبەى ٤٥ چەکى پارەى گەنم دابەش دەکرێت و هەنگاوى دواتر چەکەکانى تریش دابەش دەکرێت".

 

وتیشى "لە سایلۆى رانیە ئەم ساڵ ٢٨ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە لە هەزار و پێنج سەد جوتیار ، تائێستا بە هەردوو وەجبەکە ٢ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانکراوە" .

 

چەند ساڵێکە دواکەوتنى پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان نارەزایەتى جوتیارانى لێکەوتۆتەوە و بەو هۆیەوە بەشێک لە جوتیاران گەنمەکانیان رادەستى سایلۆکان ناکەن و لە بازاردا دەیفرۆشنەوە.

 

دواى سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان جوتیارانى پارێزگاى سلێمانى گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا و سەرۆک وەزیرانى عێراق بریاریدا پارەى گەنمى جوتیاران بۆ هەرێم بنێرێت .