گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆژنامەیەكی حیزبوڵا هێرشبەرەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

2020.09.29 - 13:20
رۆژنامەیەكی حیزبوڵا هێرشبەرەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

 

رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی نزیك لە حیزبوڵای لوبنان لەزاری بەرپرسێكی گروپە چەكدارەكانی شیعەوە هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی كراوە دەكات لەگەڵ ئەمەریكییەكان و شوناسی ئەنجامدەرانی هێرشی سەر باڵیۆزخانەكەی واشنتۆن ئاشكرا دەكات. 

 

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئەمڕۆ (29 ئەیلولی 2020) بڵاویكردۆتەوە و ناس كورد خوێندنەوەی بۆ كردووە، جەخت دەكاتەوە ئەو گروپانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن و ناوی نوێ بۆ خۆیان ڕادەگەیەنن رووكار و درێژكراوەی ئەو گرووپە چەكدارە ناسراوانەن كە لەلایەكیترەوە بەیاننامەی رەتكردنەوەی بەشداری لەو هێرشانە دەردەكەن. 

 

بەپێی رۆژنامەكە ئێران بەهیچ جۆرێك پاشگەز نابێتەوە لە داواكاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق. 

 

لەلایەكیترەوە دوێنێ دوو شەممە رۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی لەزاری شاندی عێراقەوە بڵاویكردەوە، ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەدیداری لەگەڵ فوئاد حسێن وتویەتی ئێران دەرپەڕاندنی ئەمەریكاییەكان لە هەموو جێگایەك بەئەركی خۆی دەزانێت و هی ئەو دەوڵەتانەشی تێیدا بڵاوبوونەتەوە. 

 

هاوكات لەگەڵ ئەمەدا ئاژانس رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە واشنتۆن ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ كشاندنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت عێراق بكاتە گۆڕەپانی بەریەككەوتنی سەربازیی ئەمەریكا و تاران.  

  

 

ئاژانسەكە ئەمڕۆ لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سەربازییەوە ئەوەی خستووەتەڕوو كە كشاندنەوەی تیمی دیبلۆماسی ئامادەكاریی و دەسپێكی پرۆسەیەكی سەربازییە دژی ئێران و باڵەكانی لە عێراق، بەڵام فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران حسێن سەلامی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی بە "دوور و رێكاچارەی داخراو" داوەتە قەڵەم.