ناس کورد-
وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، چاودێرى پڕۆسەى دەستپێکردنەوەى خوێندنى 12ى ئامادەیی دەکەن و ئەگەر دۆخەکە باش بوو گۆڕانکاریی لە بڕیارى خوێندنى ئەلیکترۆنیدا دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان لەکاتى کردنەوەى سێ قوتابخانە لە سنورى عەربەت لە پارێزگاى سلێمانى وتى "ئێستا خوێندنى 12ى ئامادەیی دەستیپێکردووە، 14 رۆژمان لەبەردەستە بۆ هەڵسەنگاندنى رەوشەکە، ئەگەر بزانین رەوشى تەندروستى بەرەو باشتر دەچێت ئەوکاتە گۆڕانکاریی لە بڕیارى خوێندنى ئەلیکترۆنیدا دەکرێت".
وتیشى "بەڵام ئەگەر رەوشەکە خراپ بوو رەنگە ناچاربین خوێندنى قۆناغەکانى دیکەش دابخەین، نامانەوێت ریسک بکەین و ژیانى خوێندکاران و مامۆستایان بخەینە مەترسییەوە".
وەزیرى پەروەردە باسى لەوەشکرد، دەسەڵاتیان داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکان لەو شوێنانەى خوێندکار کەمن بەتایبەتى لە گوندەکان کە خوێندکاران بچنەوە قوتابخانەکان.
لەبارەى دەنگۆى پێدانى موڵکى پەروەردە بە کەرتى تایبەت، وەزیرى پەروەردە وتى "هیچ موڵکێکى خۆمان نادەینە کەرتى تایبەت و سازش لەهیچ قوتابخانەیەک ناکەین".
جەختیشیکردەوە، هیچ بریارێک نییە کەرتى حکومى بکاتە ئەهلى، ستراتیژى حکومەت هاندانى وەبەرهێنانە لەسەرجەم بوارەکاندا لەناویاندا پەروەردە.