گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ناکۆکییەکان لەسەر کەرکوک و نەینەوا قەتیس بووە’

سیناریۆکانى تێپەڕاندنى گرێکوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان

2020.09.29 - 09:00
سیناریۆکانى تێپەڕاندنى گرێکوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان

ناس کورد-

پەرلەمانتارانى عێراق باس لە چەند سیناریۆیەک دەکەن بۆ کردنەوەى گرێکوێرەى ماددەى (15)ى یاساى نوێی هەڵبژاردنەکان تایبەت بە دابەشکردنى بازنەکان، کە بڕیارە رۆژى شەممە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدات.

 

بەگوێرەى رۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراق، کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمان یەکلاکەرەوەیە بۆ پرسی فرە بازنەیی و یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە.

 

ئەمجەد عقابى، پەرلەمانتارى سائیرون دەڵێت "کوتلەکان پەنا دەبەن بۆ دەنگدان بۆ یەکلاکردنەوەى پرسى فرە بازنەیی، ئەگەر نەگەن بە رێککەوتن".

 

لاى خۆیەوە، حەسەن خەڵاتى پەرلەمانتارى عێراقیون ڕایگەیاندووە، ئەو پێوەرەى کە پێویستە پشتى پێببەسترێت لە دانیشتنى داهاتوو دابەشکردنى پارێزگاکانە لەسەر شێوەى بازنەى هەڵبژاردن.

 

جەختیشیکردووەتەوە، لەدانیشتنى داهاتووى پەرلەماندا پاشکۆى یاساى هەڵبژاردن تێدەپەڕێنرێت و دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتى کۆمار بەمەبەستى پەسەندکردنى.

 

پەرلەمانى عێراق ڕۆژى شەممەى ڕابردوو دەنگیدا لەسەر میکانیزمى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن و ڕێگەدان بە پابەندبوون بە زيادەڕەۆى جوگرافى و هەمەڕەنگى پێكهاتەكان لەناو هەر پارێزگايەكدا، بەڵام دەنگدانى لەسەر دابەشکردنى بازنەکان دواخست بۆ رۆژى شەممەى داهاتوو.    

 

ئەحمەد کنانى پەرلەمانتارى کوتلەى سادیقون ئاشکرایکرد، ناکۆکییەکان لەسەر بازنەى هەڵبژاردن لە کەرکوک و نەینەوا قەتیس بووە و 95%ى یەکلابووەتەوە.

 

هاوکات ئەڵماس فازڵ پەرلەمانتارى یەکێتى و ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت، رێککەوتن لەنێوان کوتلەکان لەسەر پرسەکە زۆر نزیکە، دواى ئەوەى گەڕانەوە بۆ یەک بازنەیی رەتکرایەوە.