گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم ئەو بڕە گەنمە نانێرێت کە بەڵێن دەدات’’

بەغدا بە ’’مانگى دەستکرد’’ چاودێرى زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەرێم دەکات

2020.09.28 - 23:01
بەغدا بە ’’مانگى دەستکرد’’ چاودێرى زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەرێم دەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق پلانێکى ئاشکراکرد، بۆ چاودێریکردنى بەرهەم و ڕوبەرى چێنراو لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى عێراق و هەرێم لە رێگەى مانگى دەستکردەوە، بەمەبەستى کۆکردنەوەى زانیارییەکان لەو بارەیەوە، کشتوکاڵى هەرێمیش تۆمەتبار دەکات بەوەى نەیتوانیوە بەپێی پلانەکەى خۆی گەنم رادەست بکات.

 

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئەیلولی 2020، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "هیچ کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی کشتوکاڵی خۆی لەکاتی خۆید ڕادەستی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵی نەکردووە، ئەوەش وایکردووە زیان بە جوتیارى کورد بگەیەنێت".

 

وتیشى، "هەموو ساڵیک پێش ماوەیەکی کورت لە وادەی خۆی پلانەکە ڕەوانەی بەغدا دەکەن و دەڵێن بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک تۆن گەنمتان ڕادەست دەکەین، بەڵام ئەوان تائێستا نەیانتوانیوە بەتێکرای گشتی لەوەرزی دروێنە زیاتر لە 300 هەزار تۆن ڕادەستی حکومەتی ناوەند بکەن".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژە بەوەشکرد، "بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ لەمەوداو بەوردی ئاگاداری ئەوە بێت جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق چ بەروبوومێک دەچێنن و ڕووبەرەکەی چەندە، پەنا دەبات بۆ بەکارهێنانی مانگی دەستکرد بەجۆرێک لە ڕێگەی (GPS)وە هەموو زانیارییەکان وداتاکانمان دەست دەکەوێت".

 

بەوتەی نایف، "حکومەتی فیدراڵی هەموو کاتێک شایستە داراییەکانی جوتیارانی ڕەوانەی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام پارەکانیان ناگات بەدەستیان، پێویستە بۆ لەمەودا هەموو جوتیارێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (قەواڵەی) پارەکەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە ڕادەست بکرێت بۆ ئەوەی چیدی مافیان نەخورێت".

 

لەبارەى دابینکردنى ماددەکانى بەشە خۆراکەوە، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ وتى "وزارەتی کشتوکاڵ لە ئێستادا توانیویەتی لە 35%ی بابەتی برنج و شەکر بۆ کۆبۆنی خۆراکی هاووڵاتیانی عێراق دابین بکات".