گه‌ڕان

Shadow Shadow

سانسۆر.. به‌شێکی تر له‌ یارییه‌ ناته‌واوه‌که

2020.09.28 - 22:33

عەتا محەمەد

ناس بیروڕا-

ئه‌م ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌واییه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان ته‌مه‌نێکی به‌ڕێ کردووه‌، به‌ کارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی ته‌فاهه‌ت ده‌چێت و رۆژانه‌ هه‌واڵ و بڕیار و مۆدیلی سه‌یر سه‌یر له‌ تووڕه‌هات ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ و دنیای کوردیی پێوه‌ سه‌رقاڵ ده‌کات.

 

ئه‌زمونێک کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی کردۆته‌ شانشینی رۆحه‌ بیمار و زه‌لیله‌کان. شتێکی سه‌یر نییه‌ به‌شێکی زۆری که‌ناڵه‌کان نووسه‌ری تووڕه‌هات، گۆرانییبێژی ئاست نزم، کچانی سێکسیی به‌ جۆره‌ها نه‌شته‌رگه‌ری، شیکه‌ره‌وه‌ و راڤه‌که‌ری سیاسیی درۆزن... داگیریان کردبێت و سات دوای سات مرۆڤی کورد له‌ تووڕه‌هاتدا نوقم بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نین.


ئه‌م ئه‌زموونه‌ توانایه‌کی سه‌یری هه‌یه‌ له‌ تێکه‌ڵکردنی سنووره‌کانی جوانی و ناشرینی، له‌ سڕینه‌وه‌ی رووبه‌ڕی نێوان کاری جدی و تووڕه‌هاتدا و له‌ رێگای کار و به‌رنامه‌کانییه‌وه‌ وای کردووه‌ ئه‌م سوپای تووڕه‌هاته‌ کۆمه‌ڵگا داگیربکات و مرۆڤانی زه‌لیل له‌پێناو ناوبانگدا، شاگه‌شکه‌ بۆ ده‌رکه‌وتن له‌ شاشه‌ی تیڤییه‌کانه‌وه‌ به‌رهه‌مبهێنێت. ئیتر گرنگ نییه‌ قه‌شمه‌رێکی ناو سۆسیال میدیا بیت، چونکه‌ ئه‌مان ده‌تکه‌ن به‌ ئه‌کته‌رێکی کۆمیدی. یاخود شاعیرێکی خراپ بیت، چونکه‌ ئه‌مان وا ده‌که‌ن شه‌ڕبێت له‌سه‌ر قه‌ڵه‌مه‌که‌ت، یاخود گه‌عده‌چییه‌ک بیت، چونکه‌ ئه‌مان ده‌تکه‌ن به‌ هونه‌رمه‌ند. یاخود فه‌یسبوکچییه‌ک بیت، چونکه‌ ئه‌مان واده‌که‌ن هۆڵی کۆڕه‌کانت هێنده‌ی یارییه‌کی یانه‌کانی ئیسپانیا، ته‌ماشاچیی هه‌بێت. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌رگاکان به‌ رووتدا کراوه‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌کان زۆرن له‌به‌رده‌متدا تا ببیته‌ ئه‌ندامێکی ئه‌م سوپای تووڕه‌هاته‌. تا ببیته‌ سوپاسالارێک له‌ناو له‌شکری تووڕه‌هاتدا.

 

ئه‌وان هه‌موو ئه‌م شتانه‌ت بۆ ده‌که‌ن: به‌ناوبانگ بیت و ببینرێیت، یاخود له‌سه‌رده‌می کۆرۆنادا به‌فریات بکه‌ون و بوتڵی ئۆکسجینت بۆ بهێننه‌ ماڵه‌وه‌، نه‌وه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ که‌سێکی ده‌گمه‌نیت، به‌ڵکو ئه‌وان ته‌نها یه‌ک وشه‌یان له‌ تۆ ده‌وێت. ته‌نها سوپاسێکی حکومه‌ته‌که‌یان به‌سه‌ بۆیان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وکارانه‌ی بۆ تۆ و سوپای پاتاڵه‌کان ده‌یکه‌ن. یاخود ده‌رکه‌وتنی زه‌لیلانه‌ی تۆیان به‌سه‌ کاتێک ده‌پاڕێیته‌وه‌، چونکه‌ ده‌تناسن و ده‌زانن تۆ ئه‌و که‌سه‌ نیت به‌ مردنت مانایه‌ک بده‌یت به‌ ژیانت. به‌ڵکو ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌وان بۆیان درووست کردوویت، تۆیان کردۆته‌ بوونه‌وه‌رێکی زه‌لیل و که‌نه‌فت. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نین.

به‌پێوه‌ مردن، یاریی منداڵان نییه‌.
ئه‌وان پاڕانه‌وه‌ و سوپاسێکی تۆیان به‌سه‌ بۆ ئه‌و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ی شکست له‌دوای شکست درێژه‌ پێده‌دات و به‌بێ ته‌قه‌ ژنانی شه‌نگال جێده‌هێڵێت بۆ چه‌کدارانی داعش و که‌رکوک ده‌دۆڕێنێت، سوپاسێکی تۆیان به‌سه‌ بۆ ئه‌و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ی رۆژنامه‌نووس له‌ سایه‌یدا ده‌کوژرێت و خۆپیشانده‌ر ده‌ڕفێندرێت و کۆمه‌ڵگای تا ئه‌و ئاسته‌ بردووه‌، که‌ ده‌ستی کازمی ماچ بکات.

ئه‌وان هه‌موو ده‌رگاکانیان له‌به‌رانبه‌ر سوپاسێکتدا بۆ ده‌که‌نه‌وه‌.‌
ئه‌وه‌ش بزانه‌، ژیان زۆر که‌س زه‌لیل ده‌کات و تۆ یه‌که‌مین که‌س نیت.
ئه‌وان هه‌موو شتێکت ده‌ده‌نێ: قاعه‌، ڤێللا، باخ و ئۆتۆمبیلی وه‌نه‌وشه‌، ئه‌وانه‌ش له‌به‌رانبه‌ر زه‌لیل بوونی تۆدا تا بپاڕێیته‌وه‌ و فریات بکه‌ون کۆرۆنا نه‌تکوژێت. ئه‌وان پێویستیان به‌ زه‌لیل بوونته‌‌ تا بیسه‌لمێنن، ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وان خۆیان نین، به‌ڵکو مرۆڤی کورد بۆ خۆی بوونه‌وه‌رێکی زه‌لیله‌.

چه‌ند جوانه‌ مرۆڤ وابکات خه‌ونی ناوبانگ نه‌یکاته‌ قه‌ره‌قۆزێکی به‌ناوبانگ له‌ تی ڤیی و سۆسیال میدیادا.
چه‌ند جوانه‌ مرۆڤ وابکات مردنه‌که‌شی مانا بدات به‌ ژیانی، نه‌وه‌ک ڤایرۆسی کۆرۆنا زه‌لیلی بکات.
چه‌ند جوانه‌ مرۆڤ وا بکات به‌پێوه‌ بمرێت، نه‌وه‌ک سوپاسی حکومه‌ت و په‌رله‌مانێک بکات، که‌ مرۆڤی کوردی گه‌یانده‌ ئه‌و ئاسته‌ی له‌پێناو ژیاندا ده‌ست ماچ بکات.

ئێمه‌ شاهیدی چ سه‌رده‌مێکی ناشرینین، که‌ ده‌بینین ژیان چۆن مرۆڤه‌کان زه‌لیل ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژیان زه‌لیلی ده‌کات، مرۆڤه‌ پووچه‌کانه‌. مرۆڤێک که‌ هه‌رگیز ناتوانێت به‌پێوه‌ بمرێت.
ڤایرۆسێکی بچووک هێنده‌ی عه‌قلت، توانیی ئه‌و رۆحه‌ زه‌لیله‌ی تۆ که‌شف بکات. وابکات به‌ هه‌ناسه‌ بڕکێوه‌ سوپاسی حکومه‌تێک بکه‌یت و بپاڕێیته‌وه‌ لێی، که‌ وڵاتێکی تا که‌ناری داڕمان بردووه‌ و ده‌یه‌وێت پایه‌کانی سانسۆری به‌هێز بکات.

مرۆڤه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ هه‌موویان ئه‌و زه‌لیلانه‌ نین، که‌ له‌به‌رده‌م بوتڵێک ئۆکسجیندا سوپاسی حزب و حکومه‌ت و په‌رله‌مان بکه‌ن. مرۆڤه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ هه‌موویان ئه‌وانه‌ نین به‌خواستی ئێوه‌ نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی ده‌که‌ن تا ئۆتۆمبیلی گرانبه‌ها و شوققه‌ وه‌ربگرن. هه‌ربۆیه‌ هه‌زار بڕیاری له‌و جۆره‌ بۆ درووستکردنی سانسۆر به‌ناوی غه‌مخۆریی بۆ زمان و کلتوری کوردیی، له‌م سه‌رده‌می ئینته‌رنێته‌دا، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ زیادکردنی تووڕه‌هاتێکی تر بۆ سه‌ر لیستی تووڕه‌هاته‌کانت.

ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر (به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی)، سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ن نه‌وه‌ک نووسه‌ران.
چه‌ند پێکه‌نیناوییه‌ له‌م سه‌رده‌می ئینته‌رنێته‌دا بیر له‌ سانسۆر بکه‌یته‌وه‌. تۆ بڕیارێکی وا جێبه‌جێ بکه‌ تا ئێمه‌ش کتێبه‌کانمان به‌بێ ژماره‌ی سپاردن، یاخود به‌ پی دی ئێف بڵاوبکه‌ینه‌وه‌.