گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دارایی پەرلەمان: هەفتەى داهاتوو موچەى فەرمانبەرانی عێراق دابەش دەکرێت

2020.09.28 - 19:41
دارایی پەرلەمان: هەفتەى داهاتوو موچەى فەرمانبەرانی عێراق دابەش دەکرێت

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەکات و دەڵێت، هەفتەى داهاتوو موچەى فەرمانبەرانی عێراق بە تەواوەتی دابەش دەکرێت.

 


ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئەیلولی 2020، عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقی دڵنیایی دەدات لەوەى "وەزارەتی دارایی هیچ کێشەیەکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە."

 


دەشڵێت، "چەند کێشەیەکی هونەری هەبووە بەهۆی چەند گۆڕانکارییەک لە بانکی ناوەندیدا، هەفتەى داهاتووش موچەى فەرمانبەران بە تەواوەتی دابەش دەکرێت".

 

لەبارەى بابەتی قەرز و بودجەى ئەو سێ مانگەى ئەمساڵ کە ماوە، سەعداوی دەڵێت، پڕۆژەیاسای بودجە ئێوارە هاتە پەرلەمان و بەیانی نێردرایەوە بۆ حکومەت، نازانین چی ڕوویدا، تەنانەت نەهاتە لیژنەی دارایش."

 

 

ئەمڕۆ وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى بڵاوکردەوە و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە پابەندن بە گرەنتیکردنیان.

 


لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتى دارایى عێراق جەخت لەسەر پابەندبوونى خۆى بە دابینکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى دەکاتەوە.

 


بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزارەتى ناوبراو دڵنیایى ئەوە دەداتە هاووڵاتیان کە وەزارەت بەوپەڕى تواناوە لە هەوڵى گرەنتیکردنى شایستە داراییەکانە لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا و لەپێشینەیان دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى.

 


لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و پەتاى کۆرۆناوە قەیرانى دارایى و کەمى سیولە ڕوویکردۆتە حکومەت.

 


جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، وەزارەتى دارایى لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنى نەخشەڕێگەیەکى تایبەت دەکات بۆ خەرجکردنى شایستە داراییە بنەڕەتییەکانى سێ مانگى داهاتووى ئەمساڵ و بەمزووانە نەخشەڕێگاکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و هەر کات پەسەندکرا دەتوانین گرەنتى مووچە و شایستە داراییەکان بە تەواوەتى بکەین.