گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەک ئاڕاستەى دەسەڵاتدارانى هەرێم دەکات

نازم دەباغ: ئەمریکا هەڕەشەکەى جێبەجێبکات قورسە هەرێم بێلایەن بمێنێتەوە

2020.09.28 - 19:14
نازم دەباغ: ئەمریکا هەڕەشەکەى جێبەجێبکات قورسە هەرێم بێلایەن بمێنێتەوە

ناس کورد-

 

نازم دەباغ ڕایگەیاند، لەئەگەرى جێبەجێکردنى هەڕەشەکەى ئەمریکا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەکەى لەبەغدا و مانەوەى کونسوڵگەرییەکەى لەهەولێر، مانەوەى هەرێم بە "بێلایەنى" قورسە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێم هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا کاربکەن بۆ نەهێشتنى گرژییەکان.

 

ماوەى چەند رۆژێکە گرژییەکانى ئەمریکا و ئێران روویان لە هەڵشکانى زیاتر کردووە، بەهۆى هێرشەکانى گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەبەغدا، بەو هۆیەشەوە واشنتن هەڕەشەى داخستنى باڵیۆزخانەکەى کردووە ئەگەر عێراق کار بۆ راگرتنیان نەکات.

 

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئێران بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هەرچەندە ئاستى گرژییەکانى ئەمریکا و ئێران لەعێراق روو لە هەڵکشانى زیاترە و ئەمریکا هەڕەشەى داخستنى باڵیۆزخانەکەى دەکات، بەڵام هەمیشە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەر و گەیشتن بە رێککەوتن".

 

وتیشى "وادەردەکەوێت کە ئەمریکا جدى بێت لە هەڕەشەى داخستنى باڵیۆزخانەکەى، بەڵام پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکانى نێوان هەرسێ وڵاتى ئەمریکا و عێراق و ئێران، ئەوەشیان لێدەخوێنرێتەوە کە ئامادەن بگەن بەرێککەوتن بۆ نەهێشتنى گرژییەکان و دۆزینەوەى چارەسەر".

 

نازم دەباغ جەختیکردەوە ئەم دۆخە پێویستى بە بڕیارى ئازایانە هەیە بۆ نەهێشتنى گرژییەکان، بەتایبەت کە لەم جۆرە دۆخانەدا هەمیشە بازرگانانى شەڕ هەوڵى گرژکردنى زیاترى دۆخەکە دەدەن.

 

لەبارەى ئەگەرى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەبەغدا و مانەوەى کونسوڵگەرییەکەى لە هەولێر، نازم دەباغ وتى "لەئەگەرێکى لەو شێوەیەدا رەنگە قورس بێت باس لە مانەوەى هەرێم بکرێت بە بێ لایەنى لەو ململانێیەدا لەچوارچێوەى جوگرافیایەکى سنورداردا، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێم هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق کاربکەن بۆ ئەوەى ئەمریکا هەڕەشەکەى جێبەجێ نەکات".